
دینداریی ڕۆمانسیی
پ . د . سەعید عەلی محەمەد ✍️باسک نێت
لەم ڕۆژگارەدا کە عیادە دەروونیەکان زۆربوون و نووسین و وتارو خولەکانی تایبەت بە ئاسوودەیی ناخ و دەروون پەرەدەسەنن و ، مرۆڤی هاوچەرخ سەلامەتی خۆی بە ئەندازەی هەستکردنی بە ئارامیی و خۆشبەختی و هاوسەنگیی ناخی دەپێوێت ، دەبینین جۆرێک لە دینداریی سەری هەڵداوە کە پۆشاکی سەکینەتی لەخۆی پۆشیوە ، بە دەستەواژەکانی قورئان دەدوێت ، دەربڕینە ئیمانییەکان بەکاردەهێنێت ..
ئەم جۆرە دیندارییە پێش (بەندایەتیی ) هەست و ئیحساسی ناوەوەی کردۆتە سەنتەری خۆی ، لەم دیندارییەدا ئارامیی دەروونیی لە پێش کردەوەو جێبەجێکردنی فەرمانەکاندایە ، کەم کردنەوەی دڵەڕاوکێ لە پێش چاکردن و تیمارکردنی دڵە بەو شێوەیەی پەروەردگار دەیەوێت …
بێ گومان ئەم مۆدێلە دیندارییە دەکرێ ناوبنرێ بە : ( دینداریی دەروونیی یان ڕۆمانسیی ).
دینداریی دەروونیی حاڵەتێکە مرۆڤ تێیدا دین تەنها وەک پانتاییەک بۆ دەرمان و چارەسەر تەماشا دەکات ، پەنا دەباتە بەر قورئان بۆ ئەوەی ئارام بێتەوە ، نوێژ دەکات بۆ ئەوەی بحەوێتەوە ، دوعاونزا دەکات بۆ ئەوەی لە قەلەق و دڵەڕاوکێ ڕزگاری بێت ، زیکرو یادی خوا دەکات بۆ ئەوەی هەست بەئارامیی بکات …
ڕاستە ئەمانە هەموویان بەرهەمی جوان و ناوازەو ڕەحمەتن ، قورئان دەرمان و شیفایە ، زیکرکردن زیندووبوونەوەی دڵە ، نوێژ پەیوەندیی و سەکینەتە ، بەڵام خەلەل و گرفتەکە لەوەدایە ئەم دەرەنجام و بەرهەمانە ببنە مەبەست و ئامانجە گەورەکە !
پرسیارە قوڵەکەش ببێتە ئەوەی : ( من چۆن بحەوێمەوە ؟ ) ، نەک ئەو پرسیارەی کە دەڵێ : ( من چۆن خوا بپەرستم ؟ ) ، بەمەش پێگەو مەقامی هەست و نەست پێش مەقامی تەسلیم بوون بە خوا دەکەوێت و ، دینیش دەبێتە شوێنکەوتەی ناخ و پێویستیە دەروونیەکان ، نەک ئەوەی دەروون ببێتە شوێنکەوتەی ڕێنمانییە قورئانیەکان .
قورئان زۆر بەڕوۆنی و بە پوختی وێنای ڕاستەقینەی ڕێگای باوەڕی کێشاوە کە دەفەرموێ : ( قد افلح من زکاها ، وقد خاب من دساها / سەرکەوتوو و ڕزگابووە کەسێک دەروونی پاک دەکاتەوە ، دۆڕاوە ئەوەی دەروونیی بە تاوانەکان ڕەش دەکات ) ، واتە مەبەستە سەرەکیەکە پاککردنەوەو گەشەدانە بە دڵ و دەروون ، هەروەها ڕزگارکردنیەتی لە دیلی ئارەزووەکان بۆ ڕوناکیی بەندایەتیی ، کەواتە پاککردنەوەو پەروەردەکردنی دەروون زۆر فراوانترە لە ئارام بوونەوە ، زۆر قوڵترە لە حەوانەوە ..
یەکێک لە دیاردەکانی دینداریی دەروونیی ئەوەیە : خاوەنەکەی ئەو گوتارو دەقە شەرعیه بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت کە ڕێک و گونجاوە لە گەڵ ویژدان و ئارەزووی خۆی ، دەبینی حەزی لە ئایەتەکانی سەکینەتە ، بە فەرموودەکانی هیواو ئومێد بەخشین دڵی خۆش دەبێت ، بە دەربڕینە ئارامیی بەخشەکان ئاسوودە دەبێت ، لە هەمان کاتدا بە گوتاری لێپرسینەوەو سزادان و هەوڵدان و گەڕانەوەو ناچارکردنی دەروون بە قەبوڵکردنی حەق و ڕاستی تەنگەتاو دەبێت . لێرەوە ئیتر دیندارییەکی سۆزیانە دەست پێ دەکات کە کاریگەریی خێرای هەیەو ، ڕستەو دەربڕینەکانی زۆر شیرینن و ، وێنەیەکی ناسکیش دەنوێنێت ، بەڵام ئەم دیندارییە زۆر لەرزۆکە لەبەردەم ئەرکە شەرعیە قورسەکاندا ، زۆر بێ ئارام و وشکە لە ئاست وەرزە ڕۆحیەکاندا ، زۆر پەیوەستیشە بە کرانەوەو ئاسوودەیی ناخ.
دیاردەیەکی تری ئەم دیندارییە : گۆڕینی عیبادەت و پەرستشە بۆ ئەزموونکردنی شعوریانە کە سەرکەوتنی بەئەنجامە دەروونیە خێراکەی دەپێورێت ، واتە ئەگەر مرۆڤ هەستی بە ئاسەوارو کاریگەری نزیکی پەرستشەکەی کرد ئەنجامی دەدات ، ئەگەریش کاریگەریی دروست نەکرد ئەوا سارد دەبێتەوە ، وەک ئەوەی عیبادەت گرێبەستێکی — شعور — یانە بێت ، یان چارەسەرو دەرمان بێت ، یان قومێکی ئارامبەخشی ڕۆژانە بێت ! لەم سۆنگەیەوە ئیتر پێگەو پایەی (گوێڕایەڵیی و عیبادەت ) لەدڵدا گۆڕانی بەسەردا دێت.. مەعلومە بەندەی سەرڕاست نوێژ دەکات چونکە بڕوای وایە نوێژ مافی پەروەردگارە ، قورئان دەخوێنێت چونکە وتەی پەروەردگارە ، نزا دەکات و دەپاڕێتەوە لەبەر ئەوەی بەندەیەکی هەژارە ، ئارام دەگرێت چونکە ئارامگرتن بەندایەتی کردنە ، دواتر لە ئەنجامی هەموو ئەمانەدا سەکینەت و ئاسوودەیی بە سەریدا دەبارێت وەک بەرهەم و بەخشش و پاداشتێکی خوایی ، پەروەردگار دەیبەخشێت هەرکاتێک خۆی ویست بکات ، بەو شێوەیەی خۆی دەیەوێت .
ئەڵبەتە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم حاڵەتە فشاری تێڕوانین و ڕۆشنبیریی هاوچەرخە کە بەلایەوە ( ناخ و خودی مرۆڤ ) سەنتەرو ناوەندی جیهانە ، مرۆڤی هاوچەرخ ڕۆژانە چەندین نامەی یەک لەدوای یەکی بۆ دێن و پێی دەڵێن : چاودێری هەستەکانت بکە ، خۆت بپارێزه ، گرنگی بە حەزەکانت بدە ، نوسخەیەکی بێ وێنەو ناوازە بۆ خۆت بەرهەم بهێنە ، سەلامەتی تایبەتی خۆت بپارێزە …ئەم جۆرە زمان و دواندنە بە تێپەڕبوونی کات دزە دەکاتە بوارە ڕۆحی و ئایینیەکەوەو ، جارێکی تر ڕەنگێکی تر بە بەر دیندارییدا دەکات و پێناسەیەکی جیاوازی بۆ دادەڕێژێتەوە وەک تەواوکەری پرۆسەی ئارامیی و ئاسوودەیی
دەروونیی و ،
ئامرازێکیش بۆ جوانکردنی هەست و نەستی کەسەکە.
هەندێک لە توێژەرە خۆرئاواییەکان بەڕوونی باسیان لەم وەرچەرخانە کردووە ، بۆ نمونە (فیلیب ڕیف ) باس لە ( مرۆڤی چارەسەرانە) دەکات و دەڵێت : ئامانجی ژیانی ئەم جۆرە مرۆڤە گەییشتنە بە لەخۆ ڕازیبوونی دەروونیی ، نەک جوانکردنی ڕەفتارو ڕازاندنەوەی ئەخلاق و ڕەوشت .. هەروەها ( فیکتۆر فرانکڵ ) دەڵێت : مرۆڤ کاتێک دەگاتە هاوسەنگیی بۆ ماناو بەهایەک بژی سنووری خۆی تێپەڕێنێت ، هەرکاتێک مرۆڤ ڕاستەوخۆ بەدوای سەعادەت و ئاسوودەییدا وێڵ بوو ئەوا توشی بۆشاییەکی قوڵ دەبێتەوە ، لەکاتێکدا سەعادەت بەروبوومی مانایەکی زۆر گەورەترە کە مرۆڤ پێی پێشدەکەوێت …
ئەمانە سەرجەمیان نیشاندەری ئەوەن کە بەکارهێنانی دین تەنها وەک کەرەستەیەک بۆ وەرگرتنی ئارامیی و ئاسوودەیی پاڵ بە ڕۆحەوە دەنێت تەنها بەدەوری خۆیدا بسوڕێتەوە ، لەکاتێکدا قورئان داوای لێ دەکات بە ئاراستەی ڕەزامەندی پەروەرداریدا هەنگاو بنێت و ماندوو بێت.
لێرەدا گەورەیی قورئان دەردەکەوێت کە هەر لەسەرەتاوە ئەم بنەما پیرۆزەی چەسپاندووە ، کاتێک داوا لە مرۆڤ دەکات لە زەلکاوی سوڕانەوە بە دەوری ئارەزوو و هەست و نەستەکانیدا بێتە دەرەوە و ، لە فەزای بەندایەتیی تەواو و پاک و پوخت بۆ پەروەردگار لەنگەر بگرێت ، وەک دەفەرموێ : ( قُلْ إِنَّ صَلَاتِي وَنُسُكِي وَمَحْيَايَ وَمَمَاتِي لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِين ) . دیارە ئەمە جوانترین وەرچەرخانی ڕیشەییە بۆ مرۆڤ لە دەربازکردنی لە بازنەی دیلی بۆ دەروون بۆ بازنەو پایەی یەکتاپەرستیی . هەر لە دوپاتکردنەوەی ئەم ماناو بنەما گەورەدایە ئیبنو قەییمیش ڕەحمەتی خوای لێ بێ دەفەرموێ : ( بەندایەتی پەروەردگار لەسەر دوو پایە وەستاوە : ئەو پەڕی خۆشەویستی لەگەڵ ئەوپەڕی ملکەچی ) . کەواتە دینداریی بابەتی ( هەست و نەست و ناخ ) نیە ، بەئەندازەی ئەوەی مەقام و پلەی گەورەی پەرستش و بەندایەتیە.




