
حکومەتی عێراق باجی لەسەر هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل و زێڕ زیاتر كرد
باسک نێت
سامر قاسم داود بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەكانی عێراق ڕایگەیاند: گۆڕانكاری لەپێناسی گومرگی دەكرێت و باج لەسەر ئامێری كارەبایی، زێڕو ئۆتۆمبێل زیاد دەكرێت.
دەشڵێت: ئەم کارەی حکومەتی عێراق بەئامانجی ڕێگریكردنە لەفێڵی باج.
ڕوونیشیکردەوە: بڕیاری ژمارە 957ی ساڵی 2025، پێش دوو مانگ گشتاندنی بۆكراوەو بۆ سەرجەم دامودەزگاكان نێردراوە.
جەختیکردەوە کە بڕیارەكە كتوپڕ نەبووەو بازرگانان پێشوەختە لێی ئاگاداركراونەتەوە.
ئاشکراشیکرد: زیادكردنی باجی گومرگیش تەنها بۆ كەلوپەلە لاوەكییەكانی وەك ئامێری كارەبایی و زێڕ و ئۆتۆمبێلە.
بەگوێرەی سیستمی ئەسیكۆدا كە لەعێراق كاری پێدەكرێت، ڕێژەی باجی گومرگی لەسەر هاوردەكردنی زێڕ لە 5%ی نرخەكەیەتی، لەسەر هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل لە 15%ەوە دەستپێدەكات.
ناوبراو دڵنیاییدەداتە هاووڵاتیان كە ماددە خۆراكییەكان و دەرمان و پێداویستییە سەرەكییەكان كاریگەرییان لەسەر نەبووە، یا گەر گۆڕانكارییەكیش هەبێت، زۆر كەم و گونجاو دەبێت.
بەپێی وتەکانی ئەو بەرپرسە: یەكێك لەئامانجە سەرەكییەكانی ئەم گۆڕانكارییە، ڕێگریكردنە لەو كۆمپانیایانەی لەپێدانی باجدا فێڵ دەكەن، چوونكە پێشتر هەندێك كۆمپانیا بۆ ماوەی ساڵێك دادەمەزرانو كەلوپەلیان هاوردە دەكرد، دواتر بێ ئەوەی باج بدەن كۆمپانیاكەیان دادەخست و بەناوێكی تر كۆمپانیایەكی نوێیان دەكردەوە، ئەمەش بووبووە هۆی لەدەستدانی بڕێكی زۆر لەباجی دەوڵەت.



