ئەرشیفى بزووتنەوەبزووتنه‌وه‌ی ئیسلامیرابــه‌ری گشتینوسەران

بزووتنەوەی ئیسلامی،لە ڕەسەنایەتی مێژووەوە بۆ کایەی دبلۆماسی جیهانی

بزووتنەوەی ئیسلامی،لە ڕەسەنایەتی مێژووەوە بۆ کایەی دبلۆماسی جیهانی

ئەحسەن حەسەن ✍️باسک نێت
بەشداری بەڕێز ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی لە “کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئەنتالیا”تەنها بەشدارییەکی ئاسایی لە کایەیەکی سیاسی نێودەوڵەتیدا نەبوو، بەڵکو گوزارشتێکی قووڵ بوو لە گەڕانەوەی شکۆمەندانەی بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ نێو گۆڕەپانی دبلۆماسی و نێودەوڵەتی دوای دابڕانێکی درێژخایەن.
ئەم هەنگاوە جارێکی تر سیمای جوانی ئەم حەرەکەتە ڕەسەنەی نیشانی جیهانی دەرەوە دایەوە.

کێش و سەنگی سەرکردایەتی مامۆستا عیرفان وەک درێژەپێدەر

لەو کۆڕبەندەدا، قورسایی و سەنگ و کەسایەتیی خۆی بووە جێگەی سەرنجی ئامادەبووان. ئەو بە هەمان ئەو گیانە بەرزە و بەو سەنگ و شکۆیە دەرکەوت کە پێشتر لە مێژووی ئەم بزووتنەوەیەدا لە سیمای (مامۆستا مەلا عوسمان و مامۆستا مەلا عەلی) و سەرکردەکانی ئەم حزبەدا دەبینرا. ئەم دەرکەوتنە نیشانی دا کە ڕێبازی سەرکردایەتی لەم حزبەدا لەسەر بنەمایەکی پتەو داڕێژراوە و مێژووەکەی هێشتا بە زیندوویی لە جەستەی بزووتنەوەکەدا دەجووڵێتەوە.

ڕەسەنایەتی لەم بەرگ و پەیامەدا
یەکێکە لە خاڵە جەوهەری و هەرە درەوشاوەکانی ئەم بەشدارییە، پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینیش یەکێکی دی.

مامۆستا عیرفان بە پۆشینی جلی ڕەسەنی کوردی و پاراستنی سیما ئیسلامییەکەی، پەیامێکی ناڕاستەوخۆی بە جیهان گەیاند؛

کە بزووتنەوەی ئیسلامی هێزێکە لە هەناوی ئەم کۆمەڵگەیەوە ڕوواوە و دەستبەرداری ڕەسەنایەتی خۆی نابێت. ئەو بە بینینی، پێویستی بە ناساندن نەبوو، چونکە ئەو ڕیشە قووڵە مێژووییەی بزووتنەوەکە لە سیمایدا ڕەنگی دابویەوەە.

زمانی دبلۆماسی و وەرزی نوێی گەشەسەندن
لەم کۆڕبەندەدا دەرکەوت کە ڕابەری گشتی خاوەنی زمانێکی دبلۆماسیی سەردەمیانە و توانایەکی بەرزە لە دروستکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. ئەمە تەنها دیدارێکی سادە نەبوو، بەڵکو دەستپێکی وەرزێکی نوێیە لە گەشەسەندن و نەشونمای سیاسی بزووتنەوەکە. ئەم بەشدارییە سەلماندی کە بزووتنەوەی ئیسلامی دەتوانێت لە یەک کاتدا هەم پارێزەری بەها ڕەسەنەکان بێت و هەمیش کاراکتەرێکی کارا بێت لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا.

کۆتایی
بزووتنەوەی ئیسلامی لە ڕێگەی ئەم دەرکەوتنە دبلۆماسییەوە، جارێکی تر پێگەی خۆی وەک هێزێکی خاوەن مێژوو و خاوەن پەیام چەسپاندەوە. ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەو سیاسەتە حەکیمانەی حزبەکەی لەسەر بونیاد نراوە، هێشتا بەردەوامە و توانای هەیە لە بەرزترین ئاستی نێودەوڵەتیدا نوێنەرایەتی ڕەسەنایەتی ئەم گەل و ئایینە بکات.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close