بزووتنهوهی ئیسلامیعێراقكوردستان
بەیاننامەی بۆردی ڕۆژنامەنووسانی بزووتنەوە لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا ٢٢ی نیسان

بەیاننامەی
بۆردی ڕۆژنامەنووسانی بزووتنەوە
لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا
٢٢ی نیسان
لە یادی ١٢٧ ساڵەی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا وێڕای سڵاو و پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەنووسانی كورد و خەمخۆرانی كاروانی ڕۆژنامەگەریی كوردی درود دەنێرین بۆ گیانی ڕۆژنامەنووسانی شەهید و قەڵەمبازانی خاوەن ئیرادەی خزمەتكار لە پێناو وشەی حەق و میدیای ڕۆشندا
لە یادی ٢٢ی نیساندا بۆردی ڕۆژنامەنووسانی بزووتنەوە جەخت دەكاتەوە لەسەر پابەندبوون بە ئەخلاقی میدیا و ئیتیك و مۆڕاڵی ڕۆژنامەنووسیی و جەخت كردنەوە لە پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و ئازادی وتن و ئازادی وەرگرتنی زانیاریی و گەیاندنی لە رێی كەناڵێكی دروست و ڕاستگۆیانە
سەرباری جەختكردنەوە لەسەر كاركردن بە یاسای ژمارە (٣٥)ی ڕۆژنامەگەریی و هەمواركردنەوەی و ڕێكخستنی میدیا لەم قۆناغەدا كە شپرزەیی و بێسەروبەریی و پوچگەرایی گوتار و ستایل و پاكێجی نامۆڕاڵ كارێكیان كردووە شەرم دەمانگرێت تەنانەت باسی ئەم پیشە گرنگە بكەین
دەمانەوێت بڵێین:
پێش هەر شتێك میدیا ئەخلاقە و دەبێت بپارێزرێت و هەوڵیش بدرێت لەم سەردەمی ژیری دەستكرد و سۆشیالمیدیا و پێشكەوتنە توانابڕەدا بە یاسا كاری میدیا و ڕۆژنامەنووسی ڕێك بخرێت و ئەو فەوزا ناشرینە بنەبڕ بكرێت
هاوكات دەبێت حكومەت و دەزگا ئەمنییەكان بەدوور بن لە بەرتەسككردنەوەی ئازادی كاری ڕۆژنامەگەریی و تیرۆری ڕۆژنامەنووسان و هەڕەشە و پەلامار و گرتن و پێشێلی مافی ڕۆژنامەنووسان
دواجار لەم یادەدا جەخت دەكەینەوە لەسەر قەدەغەكردنی ڕوماڵی هەموو هەواڵێكی مردن و كوشتن و كارەساتە كۆمەڵایەتییەكان چونكە یەك سودیان بۆ دۆخی میدیا و كۆمەڵگە نییە و تەنیا دەروونی خەڵك و ئارامیی خیزان و كۆمەڵایەتیی تێكدەدەن
پیرۆزباییش لە سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەین كە دامەزراندنی هاوكاتە لەگەڵ یادی ڕۆژنامەگەریی كوردی و ئەمساڵ ٢٧ ساڵ تێدەپەرێت بەسەر دامەزراندنیدا و دەخوازین ئەم سەندیكایە هەستێت بە ئەركی خۆی و فەرمیی و پیشەیی و یاساییانە مامەڵە لەگەڵ دەزگاكانی میدیا و ڕەوشی میدیا بكات لە هەرێمی كوردستان و دەست ببات بۆ ئەو گۆڕانكارییانەی میدیای كوردی لەم قۆناغەدا پێویستیەتی تا لە داخزان و داخورانی دنیای نوێی فەوزەویەت دەری بهێنێت.
بۆردی ڕۆژنامەنووسانی بزووتنەوە
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٥
هەولێر




