
تورکیا و سوریا بەرەو بەدیهێنانی هاوبەشییەکی ستراتیژی هەنگاو دەنێن
باسک نێت
تورکیا و سوریا بەرەو بەدیهێنانی هاوبەشییەکی ستراتیژی هەنگاو دەنێن کە هەمو بوارەکانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات دەگرێتەوە، هەروەها پاڵپشتیکردنی قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و بەدیهێنانی سەقامگیری دوای 14 ساڵ لە جەنگی ناوخۆیی.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا زنجیرەیەک کۆبونەوە بە مەبەستی پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان هەردو وڵاتی دراوسێ لە بوارە جیاجیاکاندا ئەنجامدران.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، هاوتا سورییەکەی لە ئەنقەرە جەختی لەسەر پێویستی دورخستنەوەی سوریا لە لێکەوتە نەرێنییەکانی قەیرانی ناوچەیی ئێستا و لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کردەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، کاری لەپێشینەی تورکیایە کە ئەو پێشکەوتنانەی لە کاروانی بەدیهێنانی سەقامگیری بەردەوام لە سوریا بەدەستهاتون، کاریگەری نەرێنییان لەسەر دروست نەبێت. وتیشی، تورکیا هەمیشە لەگەڵ سوریا دەبێت لەو هەوڵانەی بەم ئاراستەیەدا دەیدات.
ئاماژەی بەوەشکرد کە وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێری پڕۆسەی تێکەڵکردن (تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات/هەسەدە لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا) دەکات، و بۆ تورکیا گرنگە ئەم پڕۆسەیە بێ پچڕان تەواو بێت، بە شێوەیەک کە سەلامەتی سوریا و دراوسێکانی گەرەنتی بکات.
لایخۆیەوە، ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی و تورکیا سەردەمێکی نوێیان دەستپێکردوە لەژێر ناونیشانی “هاوبەشی ستراتیژی”، و دیدگای ستراتیژی هاوکاری نێوان هەردو وڵات لە “پڕۆژەی چوار دەریاکە”دا ڕەنگی داوەتەوە، کە دەبێتە هۆی ئەوەی پێکەوە ببنە شاخوێنێکی سەرەکی بۆ دوبارە دابەشکردنەوەی وزە لە نێوان کەنداوی عەرەبی، دەریای قەزوین و دەریاکانی ناوەڕاست و ڕەش.
ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنی تورکی بەهێزکردنی هاوکاری لە کەرتەکانی وزە، بازرگانی و ژێرخان، و بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی ئەمنی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنورە هاوبەشەکان و بەرەنگاربونەوەی ئەو هەڕەشانەی ئاسایشی نیشتمانی دەکەنە ئامانج، گرتوەتەوە.
شەیبانی جەختیکردەوە کە حکومەتی سوریا بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی گشتگیر کە لەگەڵ “هەسەدە” واژۆ کراوە و ئێستا کار لەسەر تێکەڵکردنیان لەناو ڕیزەکانی سوپای عەرەبی سوریادا دەکرێت، لەگەڵ گەڕاندنەوەی سەرپەرشتی تایبەتی دەوڵەت بۆ هەمو دەروازە سنورییەکان، کێڵگەکانی نەوت و گاز و دامەزراوە مەدەنییەکان.
هەردو وەزیری تورکیا و سوریا پێشوازییان لە ئاگربەستی کاتی ڕاگەیەندراوی نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکان و ئێران کرد، و جەختیان لەسەر پێویستی دانانی بنەمایەکی پتەو بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کردەوە.
شەیبانی ئاماژەی بەوەکرد کە سوریا زیاتر لە 14 ساڵ بەدەست دەستوەردانی ئێران و میلیشیاکانیەوە ناڵاندویەتی، و دەستوەردانەکەی باری سوریای قورس کردوە، و لە ئەنجامدا ملیۆنێک شەهید و 15 ملیۆن سوری ئاوارە و پەنابەر بون، و 4 ملیۆن خانوی سوری وێران بوە.
وتیشی، سوریا پاڵپشتی خۆی بۆ ئەو دەوڵەتە عەرەبییانە ڕاگەیاندوە کە ڕوبەڕوی بۆردومانی بێ پاساوی ئێران بونەتەوە، و پاڵپشتی بژاردەی سنوردارکردنی سەروەری لە لوبنان و عێراق تەنها لە دەستی دەوڵەتدا دەکات، نەک قەوارە چەکدارەکانی دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت.
پێش ئەوەش، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردو کۆڕبەندی وەبەرهێنانی تورکیا-سوریا لە ئیستانبوڵ بە بەشداری عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانی تورکیا و محەمەد نیدال شەعار، وەزیری ئابوری و پیشەسازی سوریا بەڕێوەچو، کە تێیدا پەرەپێدانی هاوکاری لە بوارەکانی گواستنەوە، وزە، وەبەرهێنان، بازرگانی و گومرگ تاوتوێ کرا.
بۆڵات لە وتەیەکدا لە کۆڕبەندەکەدا ڕایگەیاند، بازرگانی تێپەڕین (ترانزێت) ئێستا لە ڕێگەی سوریاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی کەنداو گونجاوە، دوای پچڕانی بۆ ماوەی 10 ساڵ، و چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتو کارەکان دەستپێبکەن دوای ئاسانکاری لە پێدانی ڤیزە بۆ شۆفێری بارهەڵگرە تورکەکان لە ڕێگەی سعودیەوە.ئاماژەی بەوەشکرد کە قەبارەی بازرگانی نێوان هەردو وڵات لە ساڵی ڕابردودا گەیشتوەتە 3 ملیار 700 ملیۆن دۆلار.
هەروەها عەبدولقادر ئۆرال ئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، لەگەڵ نیدال قەتامین، هاوتا ئوردنییەکەی و یەعروب بەدر، هاوتا سورییەکەی، لە عەمان ڕۆژی سێشەممە ڕێککەوتننامەیەکی هاوکاری سێ قۆڵییان لە بواری گواستنەوەدا واژۆ کرد، بە ئامانجی بەهێزکردنی تەواوکاری ناوچەیی و پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە، لە سایەی ئەو بارودۆخە نائاساییەی ناوچەکە بەهۆی جەنگی ئێران و لێکەوتەکانی لەسەر زنجیرەکانی دابینکردن و بازرگانی بەخۆیەوە دەبینێت




