
كۆميسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق كردنەوەی دەرگای تۆماركردنی لیستی كاندیدو مەرجەكانی راگەیاند
باسک نێت
مەروان محەمەد، سەرۆكی لقی هەولێری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە ئەمڕۆ دەستكراوە بە تۆماركردنی لیستی كاندیدەكان و وەرگرتنی كۆدی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.
وتیشی: پێویستە ئەو كەسەی داواكاری پێشكەش دەكات، عێراقی بێت و تەمەنی سی ساڵ كەمتر نەبێت و هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس بێت یان هاوتای ئەو بڕوانامەیە.
سەبارەت بە لیستی كراوەش رایگەیاند:، مەبەست لێی لیستی هاوپەیمانیە لەگەڵ لیستی لایەنە سیاسیەكان كە حزبەكانن، ئەوانە ئەگەر خاوەنی بڕوانامەی دیبلۆم و ئامادەیی بن رێگەیان پێدراوە خۆیان كاندید بكەن بەڵام دەبێت لە ڕێژەی (20%) زیاتر نەبن، بۆ كاندیدە تاكەكەسیەكان كە كێبڕكێی كورسیە گشتیەكان دەكەن نابێت لە بڕوانامەی بەكالۆریۆس كەمتریان هەبێت، ئەوانەشی بۆ كورسی پێكهاتەكان بەشدار دەبن هەڵگری بڕوانامەی ئامادەیی یاخود هاوتاكەی بن.
هەر لەبارەی مەرجەكانەوە، ئاماژەی بەوەكرد: نابێت ئەو كەسەی خۆی كاندید دەكات سزا درابێت بە تاوانی ئابڕوبەڕو گەندەڵی دارایی و ئابوری، نابێت لە ریزی هێزە چەكدارەكان بێت یان دادوەربێت یان ئەندامی ئەنجومەنی كۆمیسیاران بوبێت لەم خولەو خولی پێشوتریش.




