
باسک نێت
هاوكات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، ئێران ئاستی هەناردەی غازی بۆ عێراق لە 45 ملیۆن بۆ 18 ملیۆن پێ سێجا كەمكردوەتەوە، ئەمەش وایكردووە دۆخی كارەبا لە عێراق بكەوێتە سەروبەندی كارەساتی داڕمان.
وەزیری كارەبای عێراق بە پەلە خۆی گەیاندە توركمانستان، بەڵام ئەم رێگەیەش هەر دەچێتەوە سەر ئێران.
زیاد عەلی فازل وەزیری كارەبای عێراق گەیشتە توركمانستان؛ وەكو میدیای نزیك لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران ئاماژەی بۆ دەكات، سەردانەكەی وەزیری كارەبا بۆ ئەوەیە پرۆسەی هاوردەكردنی غازی توركمانستان بۆ عێراق خێرا بكرێت، چونكە ئێران “بەبێ هۆیەك كە جێگەی باس بێت” هەناردەی غازی بۆ عێراق كەمكردوەتەوە.
بەپێی قسەی سەرچاوە ئاگادارەكان، بەمدواییانە لایەنی ئێرانی ئاستی هەماردەی غازی بۆ عێراق لە 55 ملیۆن پێ سێجای رۆژانەوە (كە رێككەوتنی لەسەر كراوە) بۆ كەمتر لە 20 ملیۆن پێ سێجا كەمكردوەتەوە.
ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ناوەڕاستی ئەم مانگە لەنێوان 20 بۆ 25 هەزار مێگاواتدایە، ئەم بڕەش كە بەگوێرەی ئاستی هەناردەی غاز لە ئێرانەوە كەم و زیاد دەكات، ئەوەی جێگەی سەرەنجە بەرپرسانی عێراقی بەبێ ئەوەی ناوی خۆیان بهێنن بە میدیا بیانییەكان دەڵێن” هێشتا لایەنی ئێرانی ئاگاداری نەكردوین لەوەی بۆچی ئاستی هەناردەی غازی كەمكردوەتەوە لەكاتێكدا خۆی لەبواری غازدا سەرڕێژی هەیە”.
بەرپرسانی وەزارەتی كارەبای عێراق دەڵێن ئەگەر هەناردەی غازی ئێرانی بەردەوام بێت كە بەكاردەهێنرێت بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی كارەبا، ئەوا توانای بەرهەمهێنانی 28 هەزار مێگاوات كارەبایان هەیە، بەڵام ئەگەر ئەم كەمكردنەوەیە بەردەوام بێت رەنگە هەر بتوانن 16 هەزار مێگاوات بەرهەمبهێنن.
هەموو رێگاكان دەچنەوە سەر ئێران
كۆتاییەكانی 2023 عێراق یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ توركمانستان ئیمزاكرد بەمەبەستی هاوردەكردنی غاز، ناوەڕاستی 2024 ئێران و توركمانستان پێكەوە گرێبەستێكیان ئیمزاكرد بەمەبەستی هاوردەكردنی غازی توركمانستان بەشێوەی “ئاڵوگۆڕی دوولایەنە” لەبەرژەوەندیی عێراق، ئەمە بەر لەوەی عێراق دوای 3 مانگ بگەڕێتەوەو بەشێوەی فەرمی گرێبەست لەگەڵ توركمانستان ئیمزا بكات بەمەبەستی هاوردەكردنی غازی ئەو وڵاتە لەرێگەی ئێرانەوە.
ئەم پرۆسەی “ئاڵوگۆڕی دوولایەنە” خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە رۆژانە توركمانستان بڕی نزیكەی 25 ملیۆن مەتر پێ سێجا غاز رەوانەی ناوچەكانی باكوری ئێران بكات، كە ئێران خۆی ناتوانێت غاز بۆ ئەم ناوچانەی وڵاتەكەی رەوانە بكات، دواتر لەبەرامبەر ئەمەدا ئێران هەمان بڕە غازی رۆژانە لەرێگەی بۆرییەوە بدات بە عێراق، ئەمەش بەو واتایە دێت كە عێراق غازی توركمانستان دەكڕێت و پارە بە توركمانستان دەدات، بەمەش لە پلەی یەكەمدا خۆی لە سزا ئابورییەكانی سەر ئێران دەرباز دەكات، پاشان ئێران هەڵدەستێ بە بەكارهێنانی ئەو غازەی كە عێراق پارەكەی بە توركمانستان داوە لە پارێزگاكانی باكوری وڵاتەكەی و لەبەرامبەردا هەمان بڕی غاز لە كێڵگە نزیكەكانی خۆی لە سنوری عێراق بە بۆری رەوانەی عێراق دەكات.
واتا هەموو رێگاكانی عێراق بۆ دابینكردنی غاز، سەرەنجام دەچنەوە سەر كۆماری ئیسلامی ئێران.
چەندین ساڵە عێراق پشت بە هاوردەكردنی كارەباو غاز لە ئێران دەبەستێت، بەتایبەتیش لە وەرزی گەرمای هاویندا، بۆ ئەمەش پشتی بە بواردنەكانی ئەمریكا دەبەست كە ساڵانە زیاتر لە جارێك لە واشنتۆنەوە بۆ دەردەچوو؛ بەڵام لە 8ی ئازاری ئەمساڵەوە ئیتر ئەمریكا بواردنی عێراقی لە سزاكانی سەر ئێران راگرت، ئەمەش لەچوارچێوەی سیاسەتی “توندكردنەوەی فشار” بۆسەر ئێران لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە، بەمەبەستی لاوازكردنی ئابوری ئێران و كۆتایهێنان بە هەڕەشە ئەتۆمییەكان و سنورداركردنی بەرنامە موشەكییەكەی كۆماری ئیسلامیی.
باسک نێت




