
دوای شكستهێنانی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران ، لە ئێستادا سێ سیناریۆی سەرەكی هەیە
باسک نێت
ڕۆژنامەی تێلیگراف، بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزیی بارودۆخەکەو شكستهێنانی دانوستانەكانی نێوان وەفدی ئەمریكا و ئێران، سێ سیناریۆی سەرەكی خستووەڕوو بۆ ئەوەی لە داهاتوودا چی ڕوودەدات:
یەکەم: دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەژێر فشاردا
کشانەوەی شاندی ئەمریکا لەوانەیە هەنگاوێکی تاکتیکی بێت بۆ ناچارکردنی ئێران تا سازشی زیاتر بکات، بەڵام ئەم ڕێگەیە ڕەنگە ببێتە هۆی قەیرانێكی درێژخایەن و بەردەوامبوونی ئەو بنبەستەی ئێستا.
دووەم: گەڕانەوە بۆ پەرەسەندنی سەربازی
ئەم سیناریۆیە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ بە تەواوی یان ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سنووردار دەگرێتەوە، بەتایبەتی لە گەرووی هورمز. مەترسییەکانی ئەم بژاردەیە لەوەدایە کە دەبێتە هۆی پەکخستنی بازاڕەکانی وزەی جیهانی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان، جگە لە زیادبوونی فشارە سیاسییە ناوخۆییەکان لەسەر ئیدارەی ئەمریکا.
سێیەم: کۆتاییهێنان بە جەنگ بەبێ ڕێککەوتن
ئەگەری هەیە سەرۆکی ئەمریکا بڕیار بدات کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بهێنێت، بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی فەرمی. بەڵام ئەم بژاردەیە ڕەنگە وەک شكست و پاشەکشەی ئەمریکا لێکبدرێتەوە و کێشە بنەڕەتییەکان بە هەڵواسراوی بهێڵێتەوە، کە گرنگترینیان دۆسیەی ئەتۆمییە.
باسک نێت



