عێراقكوردستانهەواڵ

کۆمسیۆن رەتیدەکاتەوە هۆکاربێت بۆ دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان

کۆمسیۆن رەتیدەکاتەوە هۆکاربێت بۆ دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان
باسک نێت
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رەتیدەکاتەوە، هۆکارێک بێت بۆ ئەو سیناریۆیەى باس لەوە دەکرێت، ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە، کە بڕیارە لە 25ی شوباتی داهاتوو ئەنجام بدرێت، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات ئەو بابەتە پەیوەندی بە چارەسەرنەکردنی ئەو تانەیەی پێشکەش بە یاسای هەڵبژاردنەکانی کوردستان کراوە، کە تا ئێستاش لەبەردەم دادگای فیدراڵیدایە.

حسێن هادی، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆن بە “بەغداد یەومى”ی ڕاگەیاند، ئەو دەنگۆیانەى باس لەوە دەکەن کۆمسیۆن ئامادە نییە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لە وادەی دیاریکراودا ئەنجام بدات راست نین، چونکە کۆمسیۆن ئامادەیە بۆ ئەم پرۆسەیە و کارەکانى بەپێی خشتەی کاتی ئەنجامداوەو بەردەوامیشە لە کارکردن.

هادی راشیگەیاند، ئێستا کێشەیەکی یاسایی هەیە، ئەویش بوونی ناڕەزایەتییە بەرامبەر بە یاسا لە دادگای باڵای فیدراڵی، تانەدان هەیە و دەبێت ئەم دادگایە بڕیار لەسەر ئەم دۆسیەیە بدات، ئێمە هیچ بەربەستێکمان نییە، کۆبوونەوەی بەردەواممان هەیە لەگەڵ نوێنەرانی هەرێم، بەڵام چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵیین سەبارەت بەم تانەیە.

دادگای فیدراڵی بۆ جاری دووەم لە ماوەی یەک مانگدا، دانیشتنەکەی بۆ بڕیاردان لەسەر تانەدانەکەی تایبەت بەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخست، کە ئەمەش دەنگۆکانى دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى بەهێز کردووە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close