ئەرشیفى بزووتنەوەبزووتنهوهی ئیسلامیرابــهری گشتینوسەران
بزووتنەوەی ئیسلامی؛ ناسنامەی ڕاستگۆیی و جەمسەری بڕیارە ڕوونەکان

بزووتنەوەی ئیسلامی؛ ناسنامەی ڕاستگۆیی و جەمسەری بڕیارە ڕوونەکان
کەیان عبدالرحمن✍️باسک نێت
لە جەنجاڵی و فرەوانەیی کایەی سیاسیی ئەمڕۆدا، هێزەکان تەنیا بە ژمارە و دروشم پێوانە ناکرێن، بەڵکو بە مەنهەجی دروست و ڕوونیی فیکر جیا دەکرێنەوە. بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، لە مێژووی کاروانی خۆیدا، هەرگیز حیزبێکی “زۆر و بۆر” نەبووە، بەڵکو قوتابخانەیەکی سیاسی و فیکری بووە کە ڕاشکاوی و ڕاستگۆیی کردۆتە بنەمای کارکردنی.
بزووتنەوەی ئیسلامی لە فەرهەنگی خۆیدا ڕەنگی خۆڵەمێشی ناناسێت. لەو شوێنەی بەرژەوەندی باڵای نەتەوە و ئایین و ڕاستییەکان لە ئارادابن، بزووتنەوە بە ڕەش دەڵێت “ڕەش” و بە سپیش دەڵێت “سپی”. ئەم شێوازە لە کارکردن نەک هەر نیشانەی هێزی فیکرییە، بەڵکو گوزارشت لە میانڕەوییەکی ڕاستەقینە دەکات کە دوورە لە پاشکۆیەتی و لێڵی لە هەڵوێستەکاندا. وێنە سیاسییەکانی ئەم بزووتنەوەیە بە ڕەنگی ڕوون دەکێشرێن، چونکە بڕوای بەوە هەیە کە گەل شایستەی ئەوەیە ڕاستییەکانی وەک خۆی پێ بگات.
ئەم ڕاشکاوی و سەنگە سیاسییە، تەنیا لە ناوخۆدا دەنگی نەداوەتەوە، بەڵکو لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا بزووتنەوەی ئیسلامی وەک کارەکتەرێکی سەرەکی و جێی متمانە تەماشا دەکرێت. بانگهێشتکردنی بەڕێز عیرفان عەبدولعەزیز، ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی، بۆ کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ئەم ڕاستییە.
”کاتێک سەرکردەیەک لەناو تەواوی حیزبەکانی باشووری کوردستاندا، لە کۆڕبەندێکی جیهانیدا کە نوێنەری زیاتر لە ۱٥۰ دەوڵەت و سەرۆک و کاربەدەستانی باڵای تێدایە، دەبێتە میوانێکی دیار؛ ئەمە تەنیا شانازییەک نییە بۆ حیزبێک، بەڵکو سەلماندنی ئەو ڕاستییەیە کە سیاسەتی ڕاست و ڕەوان، سنوورەکان دەبڕێت.”
بزووتنەوەی ئیسلامی بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو ڕێچکەیەی کە فیکر تێیدا چاوساغە و سیاسەت تێیدا خزمەتکاری بەهاکانە. ئێمە لە سەردەمێکداین کە جیهان تەنیا گوێ لەو دەنگانە دەگرێت کە خاوەن مەنهەج و ناسنامەی تایبەت بە خۆیانن، هەر ئەمەشە بزووتنەوەی ئیسلامی وەک جەمسەرێکی کاریگەر لە ناوچەکەدا هێشتۆتەوە.
ئامادەبوونی ڕابەری گشتی لە کۆڕبەندی ئەنتالیا، تەنیا نوێنەرایەتیکردنی حیزب و ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو نەبوو، بەڵکو گواستنەوەی دەنگی مەزڵومییەتی نەتەوەیەک بوو بۆ ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان. بەڕێز ڕابەری گشتی، لە هەموو ئەو دیدارانەی لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا سازی کردن، بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کورد و مافە ڕەواکانی کردبووە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی.
یەکێک لە وێستگە گرنگەکانی ئەم سەفەرە دیپلۆماسییە، دیداری لەگەڵ “ئەحمەد شەرعی” سەرۆکی کۆماری سووریا بوو. لەم دیدارەدا، ڕابەری گشتی بە هەڵوێستێکی نەتەوەیی و ڕاشکاوانە، جەختی لەسەر پاراستنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان کردەوە. بەڕێزیان بە ڕوونی داوای لە سەرۆکی سووریا کرد کە پێویستە پابەند بێت بەو ڕێککەوتن و بەڵێنانەی بە گەلی کوردی داوە، و کار بکات بۆ دەستەبەرکردنی مافە دەستووری و مرۆییەکانیان.
ئەم جوڵە دیپلۆماسییانە دەری دەخەن کە بزووتنەوەی ئیسلامی و ڕابەرەکەی، هەرگیز پرسی نەتەوەییان لە پرسی ئایینی جیا نەکردۆتەوە. گەیاندنی خەمی نەتەوە بۆ ناو دڵی کۆڕبەندێکی جیهانی کە ۱٥۰ دەوڵەت تێیدا بەشدارن، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە بزووتنەوەی ئیسلامی وەک هێزێکی ڕەسەن، هەمیشە وەک پارێزەرێکی ڕاستگۆی مافەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەمێنێتەوە و لە هیچ ئاستێکدا سڵ لە گەیاندنی پەیامی ڕەوای میللەتەکەی ناکاتەوە.




