ئەرشیفى بزووتنەوەبزووتنهوهی ئیسلامیعێراقكوردستانهەواڵ
پەیامێک لە دەزگای هەڵبژاردنەکانی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە

ساڵیادی یەکەمین خولی هەڵبژاردنی کوردستان و پەیامێک
بەرواری ئەمڕۆ هاوکاتە لەگەڵ یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان (19\5\1992) کە لەم ساتە مێژووییەدا کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن شوناسی سەربەخۆ توانی بە دەنگ و بڕیاڕی جەماوەر سیستەمی سیاسی حکومەتێکی کوردی دابڕێژێت . هەر لەو مێژووە بەدوواوە خەڵک و جەماوەری کوردی هیواکانیان لە باشتر کردنی دۆخی سیاسی و نەتەوەیی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا دەبینییەوە.
ڕوانگەی دەزگای هەڵبژاردنی بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ ئەم ڕۆژە دوو ڕەهەندە ، یەکەمیان وەک ڕەهەندێکی فکری سیاسی یەکەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وەک دەروازەیەک بۆ داڕشتنەوەی بڕیاڕ و نەخشەکێشانی سیستەمی سیاسی قەوارەیەکی کوردی گەورەترین دەسکەوت و ساتێکی مێژووی بایەخدارە لە ڕۆژمێری نەتەوەیی کوردیدا . ڕەهەندی دووەم ئەدای مەیدانی هێزەکانی دەسەڵاتە لەمێژووی هەڵبژاردنی خولە یەک بەدوای یەکەکانی کوردستان ، کە ئەم ڕەهەندەیان پڕە لە تێبینی و ڕەخنە و ئیشکالی یاسایی و سیاسی . هەر لەیەکەمین خولی هەڵبژاردنی ساڵی 1992 دا بزووتنەوەی ئیسلامی ڕەخنە و سەرنج و تێبینی هەبوو لە یاساکانی هەڵبژاردن و پێی وابوو هێزەکانی دەسەڵات یاساکانی هەڵبژاردنیان لە بەرژەوەندی خۆیان داڕشتبوو .
لەماوەکانی دواتر و ئێستاشدا بزووتنەوەی ئیسلامی ڕەخنەی ڕیشەیی و گرنگی هەبووە لەسەر پڕۆسەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پارێزگاکانیش ، کە ڕەخنەکان خۆی بینیوەتەوە لە یاریکردن بە یاساکان لە بەرژەوەندی هێزەکانی دەسەڵات و هاوکات پابەند نەبوون بە یاسا و ڕێنماییەکانی هەڵبژاردن و بەکار هێنانی ڕێگا و ئامڕازە نایاساییەکان بۆ بەدەستهێنانی دەنگی خەڵک و بەکارهێنانی ڕێگای ساختەکاری بۆ گوڕینی هاوکێشە و دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
لە دواهەمین پێشهاتیشدا لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا لە کەشێکی زۆر نائاسایی و نایاساییدا و بە داڕشتنی هاوکێشەیەکی پێشوەختە شەشەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، کە هەر لەسەرەتای پڕۆسەکەدا بزووتنەوەی ئیسلامی گومانەکانی خۆی بۆ پڕۆسەکە خستەڕوو و پێی وابوو دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردن ناتوانن بە دروستی لە پڕۆسەیەکی وەها گوماناویدا بێنە دەرەوە. دوای ڕەگەیاندنی دەرئەنجامەکانیش بزووتنەوەی ئیسلامی بە توندی ئیدانەی دەرئەنجامەکانی کرد و ڕایان گەیاند کە زیرەکی دەستکردی نامەشروع لە بری دەنگی مەشروعی خەڵک هەڵبژاردنی بەڕێوە بردووە.
وا ئێستاش دوای تێپەڕبوونی حەوت مانگ لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لایەنەکانی دەسەڵات تاکو ئێستاش نەیانتوانیوە ڕێکبکەون لەسەر پێکهێنانی حکومەت و بەگەڕخستنەوەی کابینەی نوێی حکومەت ، کە ئەمەش دەرخەری ئەوەیە پلان و ئەجێندای ئەوان بەرژەوەندی خەڵک نیە بەڵکو بەرژەوەندی سیاسی و حیزبیە.
لەکۆتاییدا ڕادەگەینین ، یەکەمین هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە ساڵنامەی نەتەوەیی کوردیدا گەورترین دەستەکەوتە ، بەڵام ئەو هێزانەی هەتاکو ئێستا ئەو کایە سیاسییەیان بەدەستەوە بووە ، هۆکارێکی خراپ بوون بۆ لەدەستدانی متمانەی خەڵک و جەماوەر بۆ ئەو کایە و پڕۆسە، وە خەڵک چیتر باوەڕی بە شەرعیەتی ئەو جۆرە هەڵبژاردنانە نەماوە. بۆیە پێویستە هەمووان لەئاستی حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات و ڕێکخراو و دامەزراوە مەدەنیەکان لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا کار بکەین بۆ گێڕانەوەی ئەو متمانەیە بە هەڵبژاردنێکی دروست و ڕەسەن.
دەزگای هەڵبژاردنەکانی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە
١٩/٥/٢٠٢٥




