نوسەران

وائل الدحدوح کێ یە ؟

وائل الدحدوح
✍️خالد ڕەنجدەر ✍️ ٢٠٢٤/١/٨


وائل الدحدوح ڕۆژانامەوانێکی فەلەستینییە و ناوی تەواوی (وائل حەمدان ابراهیم الدحدوح)ـە و، لەدایکبووی ٣٠/نیسانی ١٩٧٠ی شاری غەززەیە. زۆربەی ساڵانی ژیانی لە شاری غەززەدا بەسەربردوە. (٧) ساڵ لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا بووە. یەکەمجار وەک ڕۆژنامەوانێک لە ڕۆژنامەی “القدس”ی فەلەستینی کاری کردوە. پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٤دا لە کەناڵی جەزیرە دەستبەکاربێت لە میدیای دیکە کاری کردوە. هاوسەرەکەی و کوڕێک و کچێکی و نەوەیەکی لە ٢٥/ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا لە بۆردومانێکی ئیسرائیلدا شەهید کراون.


دەحدوح لە گەڕەکی الزیتون کە کۆنترین گەڕەکی شاری غەززەیە لەدایکبووە. لەناو خێزانێکی غەززاوی و گوزەران باش ژیاوە و، بنەماڵەکەی خەریکی کشتوکاڵ بوون. دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٨دا بڕونامەی ئامادەیی وەردەگرێت، لە لایەن ئیسرائیلەوە دەستگیر دەکرێت. هێشتا لەزیندان بووە کە جارێکیتر بڕونامەی ئامادەیی وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٩٨دا بڕوانامەی بەکالریوسی لە زانکۆی ئیسلامی لە غەززە وەرگرتووە. ئیسرائیل نەیهێشتووە بچێتە دەرەوەی فەلەستین بۆ خوێندن، لەبەرئەوە لە ساڵی ٢٠٠٧دا ماجستێری لە دیراساتی هەرێمایەتی لە زانکۆی قودس بەدەستهێناوە.


ناوی وائل الدحدوح لە کاتی ‌هێرشە دووبارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەرکەتووە. دەحدوح یەکێکە لە ڕۆژنامەوانە سەرکەتووانەی ڕووماڵی گەمارۆکانی ئیسرائیلی بۆ سەر غەززە کردوە و، هەواڵەکانی کارتێکردنیان لەسەر ژیانی خەڵکی غەززە هەبووە. وائل لە ڕووماڵ کردنی هێرشی یەکەمی ئیسرائیلی نێوان ساڵی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩ و دواییتر لە ساڵی ٢٠١٢ ڕۆڵی خۆی هەبووە. ناخۆشترین جەنگ کە ڕووماڵی کردووە، جەنگی سییەمی غەززە بوو لە ساڵی ٢٠١٤دا کە (٥١) ڕۆژی خایاندوە.


فلیمێکی دۆکۆمێنتاری لەسەر تونێلەکانی غەززە بەرهەم هێناوە. هەروەها وائل لە ساڵی ٢٠١١دا عومەرەی ڕووماڵ کردووە. خاوەنی یەکەم ڕاپۆرتە هەواڵی بەرنامەی (الجزيرة هذا المساء) بووە لە بیت حانونەوە ئەو کاتەی سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ئەو شارە.
لە ٧/ئەم مانگە حەمزە، کوڕە گەورەکەی وائیل لە بۆردومانێکی ئیسرائیلدا لە ڕۆژئاوای خان یونس شەهید دەبێت.


وائل الدحدوح پیاوێکی موسوڵمانی خۆڕاگرە. هەرچی هەیبوو خستییە خزمەت جیهادی غەززە. چۆن دکتۆر عبداللـە عەززام وتی ئەم جیهادی ئەفغانستانە جێناهێڵم مەگەر شەهید بکرێم، یان بمرم، یان جیهاد سەرکەوێت.
وائلیش جیهادی غەززە جێناهێڵێت مەگەر شەهید بکرێت، یان جیهاد سەربکەوێت، یان بەمردنی خوایی بمرێت.


کێ دەڵێ ئەو میللەتە دەمرێت کە خاوەنی خەڵکانی وەک دکتۆر عبداللـە عەززام و وائل الدحدوح و، ئەبو عوبەیدە و سەنوار و سەدان فەرماندەی ئازاو و چاو نەترسە؟

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close