نوسەران

بەرچاو ڕوونی لە نێوان خۆپارێزی و چارەسەردا

عوسمان حمەکریم زەڵمی

     پێکەوە ژیانی مرۆڤ تایمی مێژویی و ئانی وەرگرتووە ، کارێکی زەحمەت و ئەستەمە لێک جیا کردنەوەی ، لەبەرئەوە پێویستی بە ڕێی تر ھەیە بۆ پارێزگاری لە بەھاو نرخی ئەو پێکەوە بوونە، بەڕاگرتنی ھاوسەنگی لە نێوان (ماف و ئەرک)ی تاک وکۆ لە کۆمەڵگە نشیندا ، جا بەخشینی (ماف) بە تاک و کۆی کۆمەڵگە و پابەندن کردنیان بە ئەرکیانەوە ، ھەمیشە ئەرکی دەسەڵاتدارو بەڕێوەبەرانی وڵات بووە بە پلەی یەکەم ، ھەروەک ئەرکی ھاوڵاتی ئاوەزدارە ھاوکارو جێبەجێکار بێ بە پلەی دووەم.

    لێرەوەو لەم نوسینەوە بە پێویستی دەبینم لەسەر چەمکی (خۆپارێزی و چارەسەر) سەرنجی خوێنەرانی خۆشەویست ڕابکێشم بۆ چەند ئاماژەیەکی قورئانی پڕخێر ، ئەمەش وەک دڵنیابوون لەوەی تۆی باوەڕدار لەڕوانگەی تێگەیشتنت بۆ ڕێنوێنی ئاینەکەت زیاتر ئامادەیت ھەیە بۆ وەرگرتن و پارێزکاری و پابەندی بە ڕێنمایی و ڕێچارەوە .

   لە سورەتی (العصر)دا چوار بنەمای جێگیر بۆ سەرکەوتن و براوەیی باس کراون ، ئەوانیش: (باوەڕبوونە بە حەقیقە ت و ڕاستی ، کارپێکردنی بە دروستی ، ئامۆژگاری یەکتری تاکو پابەندی حەق بن ، مۆچیاری یەکتری تا لەسەر پابەندی بە حەق و ڕاستی ئارامگر و خۆڕاگر و پشوو درێژ بن ). 

     دوانی سەرەتا مرۆڤ خۆی پێ کامڵ دەکات: (إِلَّا الَّذِينَ آَمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ) ، وە دوانی کۆتایی بەرانبەرو دیگەرانی پێ کامڵ دەکات: ( وَتَوَاصَوْا بِالْحَقِّ وَتَوَاصَوْا بِالصَّبْرِ) ، ئەمانە گشتیان لە کارە ھەرە چاکەکانن ، چونکە تاک و کۆمەڵگەی تەندروستی پێ بونیات دەنرێ ، لەم دەلاقەوە بچینە ناو باتەکەوە ، ئامۆژگاری یەکتری تاکو پابەندی حەق بین ، ئەمە ھەروا کارێکی ئاسان نیە بەڵکو زەحمەتە و پێویستی بە توانای زانستی و ژیری و واقعبینی  و ئەزموونکاری ھەیە ، تێگەیاندنی تاکەکان و  بەرچاو ڕۆشن کردنەوەی  بەرانبەر بە مافی خود ، مافی دیگەران ، ئەرکی خود ، ئەرکی دیگەران ، وزەی جۆراوجۆر دەخوازێ .

     ھەربۆیە بنەماو ئەرکی کۆتایی بریتیە لە (مۆچیاری یەکتری تاکو لەسەر حەق جێبەجێکردن ئارامگر بین )، وەک ئاماژەمان پێدا بە ئەندازەی پانتایی ژیان ئەم بنەمایانە فراوانن و تەواوی کایەکانی ژیانی تاک و کۆ دەگرنەوە، ھەمیشە لە گەیاندنی حەق و ڕاستیدا کێشەو گرفت دروست دەبێت ، چونکە سروشتی مرۆڤ کەمتر حەزی لە پابەندیە بەڵکو ئازادی و دوور لە کۆت و بەندی پێ خۆشە، جا بارھێنان و ڕامکردن و پابەندکردنی پێویستی بە سەبرو خۆڕاگریە ، وە ھەر لەو دەمەی نەمامە دەست پێ دەکات.

     ئێستا ڤایرۆسی (کۆرۆنا) وەک دەردێک سەری ھەڵداوەو جیھان پێوەی سەرگەرم بووە ، ئەرکی ئەو وڵاتانە ئاسانە کەوا دادگەری لە ماف و ئەرکدا جوانترو دروستتر بەرجەستە کراوە لەناو ھاوڵاتیاندا، ھەروەک بۆ ئەوانەش زەحمەتە کەوا دوورن یان ڕووکەش و کاڵ و کرچ چەمکی دادپەروەریان بەرجەستە کردووە لە ماف و ئەرکی ھاوڵاتیدا.

   لەگەڵ ئەوەشدا لەبەرئەوەی دۆخەکە ھەستیارەو ترسەکە گاڵتەی پێ ناکرێ، دەبێ ئێمە وەک ھاوڵاتی لەبەر خودی خۆمان و نەوەی دواڕۆژو وڵاتمان لە ئاست ئەم دوو چەمکی (خۆپارێزی و چارەسەر)دا، بەھیچ جۆرێک کەمتەرخەمی نەنوێین ، ئەوەی ئەرکی یەکەمە (خۆپارێزی) وردو دروست جێبەجێی بکەین لە خۆمان و ماڵ و منداڵماندا ، دواتر بۆ نزیکان و دەورو بەریش ڕۆڵی چاوساغی دڵسۆز بگێرێن . ھەروەک بۆ ئەرکی دوومیش (چارەسەر) پەنا بە خوای مھرەبان ، خۆ ھەردەبێ بە ھەمان فەھم و تێگەیشتنەوە دەستبەجێ کاری دروستی لەسەر بکەین.

     ڕاگرتنی ھاوسەنگی دروست لە نێوان (خۆپارێزی و چارەسەر)دا ھەمیشە پێویستی ھەنوکەیی بووەو دەبێ لەناو ھاوڵاتیاندا ، ئەم ئەرکەش ڕووی کردووەتە دەستەی بەرپرسان و ئاوەزدارانی دڵسۆز لە سەر بۆ خوار ، دەبێ بە ئەرکی گەیاندنی حەق و ڕاستی ھەستین ، جا بۆ ئەوەی ڕێ و جێی خۆی بگرێ دەبێ خۆڕاگرو پشوو درێژ بین ، زیاد لەوەش لەگەڵ سەبرو پشوو درێژیدا خواستی تر ھەیە کە لە سورتی (بلد)دا باسی کردووە: (وَتَوَاصَوْا بِالصَّبْرِ وَتَوَاصَوْا بِالْمَرْحَمَةِ)، ئەویش نواندنی بەزەیی و مھرەبانیە بەرانبەر بە یەکتری ، چون لە ئان بەڵاو گرفتاریدا چاوەکان لەدووی ھاوکاریەوەن ، ھەروەک دڵان بەتەمای بە ھاناوە چوونن. 

     بەو ھیوایەی وەک لایەنی پەیوەندیدار (سەر بۆ خوار) ، بتوانین دروست ڕێنمایی خۆپارێزی بۆ بەرانبەر ڕوون بکەینەوە ، تاکو ئاسان لێمان وەربگرن ، بێگومان بەرجەستە کردنی خۆپارێزی بەشێکی گرنگە لە چارەسەر ، بەڵکو ئەو ئاسانتر و تێچووی کەم ترەو پشتیوان بە خوای مھرەبان ، پاش کۆتایی ھاتن و تێپەڕاندنی ئەم ناڕەحەتی و (العسر)ە ، ھەموان دڵخۆشین بە دەرووە خێرو سودی (یسر)ە کان ، ئەو دەمە ژیرانە ئاوەزداران بەرو سەمەریان دەچنن.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close