كوردستان
لەم زانکۆیە ١٠٤ مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست نێردرانە ماڵەوە

باسک نێت – ڕاپەڕین
سەرچاوەیەک لە زانکۆی ڕاپەرین ڕایگەیاند، دوای کۆبوونەوەی پێنجشەممەی ئەنجوومەنی زانکۆ، لە کۆی ٣٩٥ مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست کە لە ماوەی ڕابردوودا، فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەرچوو بوو، بە ١٠٤یان گوترا بڕۆنەوە ماڵەوە و دەوام نەکەن تاوەکوو ئاگادارتان دەکەینەوە.
کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا مامۆستایانی وانەبێژ لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بکاتە گرێبەست، بەڵام لە زانکۆی ڕاپەین دەرکەوت کە ژمارەیەکی زۆر لە گرێبەستەکان دوور لە ڕێنماییەکانی نەنجوومەنی وەزیران و بە خزمخزمێنە و تەزکییەی حزبی کراون.
ئەو کات وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لیژنەیەکی لەسەر شێوازی دامەزراندنی گرێبەستەکان پێک هێنا و بڕیاری دا پێداچوونەوە بە شیاویی ناوی دامەزراوەکان بەپێی ڕێنماییەکان بکات.