ئەپیكۆر داوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەكات
باسک نێت
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە راگەیەندراوێكدا:
داوای بەردەوامبونی کۆبونەوەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەکەین، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
بە زووترین کات هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا دەستپێبکاتەوە.
لێدوانەکانی ئەمدواییەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هاندانێكە بۆ ئەوان تا کۆتایی ئەم ساڵ هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە.
ئەپیکور ئامادەیی ئەندامانی پیشاندەدات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، بەو مەرجەی دڵنیایی بدرێت هەقدەستی پێشوو و داهاتوی کۆمپانیاکان بدرێت و مەرجە ئابوری و بازرگارنییەکانیشیان بپارێزرێن.
حکومەتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، کێشە هەڵپەسێدراوەکانی نێوانیان چارەسەربکەن و، بە زووترین کات پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ پێگەی “بلۆمبێرگ”ئەمریكی رایگەیاند: دوو بژاردەیان لەبەردەستدایە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، هەمواركردنەوەی گرێبەستەكان، كە كۆمپانیاكان رەتیدەكەنەوە، یان هەمواركردنەوەی یاسای بودجە، كە ئەویش پێویستی بە سازانی هێزە سیاسیەكانە، وتیشی: رەنگە تا كۆتایی ئەمساڵ پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە.
لەدوای كەمكردنەوەی پشكی هەناردەی نەوتی عێراق لەلایەن رێكخراوی ئۆپێك و، دەستنیشانكردنی نەوتی بە قاچاغبراو لە هەرێمەوە بۆ وڵاتانی دەوروبەر، فشاری هێزە سیاسیەكان لەسەر سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری نەوت چڕكراوەتەوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنە دژی بردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی نەوت و غازی پەرلەمانی عێراق بەنیازە سودانی و وەزیری نەوت میوانداری بكات، بۆ ئەوەی رونكردنەوە بدەن لەبارەی بە قاچاغبردنی نەوتی هەرێم و، ئەو رێوشوێنانەی لەو بوارەدا دەیگرنەبەر.