
قۆناغى سێیەمى سەرژمێرى دەستیپێکرد
باسک نێت
ئەمڕۆ شەممە 23ـی تشرینی دووەم، قۆناغى سێیەمى سەرژمێرى لە 15 پارێزگای عێراق دەستپێدەکات و تاوەکو 10ـى مانگى داهاتوو بەردەوامدەبێت، لەکاتێکدا پرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان لانیکەم بۆ ماوەی پێنج رۆژ دوادەکەوێت، بەهۆی ئەوەی جارێکی دیکە راهێنان بە بژمێرەکان دەکرێتەوە.
مەحمود عوسمان، سەرۆکى دەستەى جێبەجێکارى سەرژمێریى گشتى لە هەرێمى کوردستان راگیەیاند، لە قۆناغی سێیەمی سەرژمێریدا، تایبەتمەندییە کەسى و خێزانییەکان تۆماردەکرێن، هەر خێزانێک 70 پرسیاری لە بارەى ئاستى خوێندن، تەندروستى، کارکردن لێدەکرێت و بەگوێرەى تەمەن پرسیارەکان جیاوازن.
وتیشى، پرسیارەکان تایبەت و گشتین، دەکرێت لە کەسێکى بەرپرسى خێزانەکە وەربگیرێت، هەروەها لەنێو ئەو پرسیارانەدا ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکانى دیکە لە خێزانەکان دەپرسن.
ئاماژەى بەوەشکرد، رەزامەندیى وەزیرى پلاندانانیان وەرگرتووە و ئەمڕۆ پشوو بە بژمێرەکان دەدەن و لە سبەیەوە خولەکانى راهێنانیان بۆ قۆناغى سێیەم دەستپێدەکەن.
قۆناغى یەکەم گەمارۆسازی و ژمارە لێدان بوو، قۆناغى دووەم تۆمارکردن و جێگیرکردنى ژمارەى دانیشتووان بوو، قۆناغى سێیەمیش تۆمارکردنى تایبەتمەندییە کەسى و خێزانییەکانە.




