كوردستان

مامۆستایان لە بارەی شکاندنی بایکۆتەوە بڕیاریاندا

♦دەقی ڕوونکردنەوەی مامۆستایانی ناڕازی

♦مامۆستایانی خاوەن هەڵوێست و هاوڵاتیانی خۆڕاگر

🔷لەدوای خۆپیشاندانە فراوانەکەی ئەمڕۆی شارو شارۆچکەکان و هەڵوێستی پێکەوەیی مامۆستایان و فەرمانبەران، لێرەو لەوێ دەسەڵات لە ڕێگای بارەگای حیزبی و بەکارهێنانی دامەزراوە پەروەردەییەکانەوە هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە گەڕ و دەیەوێت ئیرادەی مامۆستایان بشکێنێت و بەبێ هیچ دەستکەوتێك بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن، لە بەرامبەریشدا مامۆستایان و فەرمانبەران بە ئیرادەیەکی بەهێزتر لە ڕابردوو بەڵێنی خۆڕاگری و ڕووبەڕوو بونەوەی فشارەکان دەدەین و هیچ کات ناچینە ژێر فشارەکانتان، کە دەتانەوێت لە پاڵ ڕشتنی فرمێسکی تیمساحی بۆ خوێندن و منداڵی فەقیردا درێژە بە تاڵانکاریەکانتان بدەن و مامۆستایان بە گیرفانی خاڵی و دڵێکی شکاوەوە بەرنەوە نێو هۆڵەکانی خوێندن

🔶هەر بۆیە دەمانەوێت لێرەوە ڕوو بکەینە ئەو بەڕێوبەر و بەرپرسە پەروەردەییە بە هەڵوێستانەی نەبونەتە بەشێك لە فشارەکان و پێیان بڵیین ئێوە لەگەڵ خۆتان و پەیامی پەروەردەیتاندا ڕاستگۆن و داهاتوو ئەمەتان وەك شانازی بۆ تۆماردەکات، لە هەمان کاتدا بەو بەڕێوبەر و بەرپرسە پەروەردەییانەش کە بوونەتە بەشێك لە فشارەکانی دەسەڵاتی ستەمکار و بە زمانی هەڕەشەو سزا لەگەڵ مامۆستایاندا دەدوێن دەلێین ئەوەی ئێوە دەیکەن درێژەدانە بەو ستەمکاریەی کە بوەتە هۆی بڕینی قوتی مناڵەکانمان و پشتیوانی ئەو بەرپرسانەیە کە هیچ باکیان بە ژیانی هاوڵاتیان و کەرتە خزمەتگوزاریەکان نیە و تەنها چاویان لە بەردەوامی ئەو تاڵانکاریەیە کە بە شێوازێکی سیستماتیك ئەنجامی دەدەن، هەربۆیە مێژوو هەر جۆرە هەوڵێکی ناپەروەردەییانە و زمانی هەڕەشەی حیزبیانەتان وەك خاڵێکی ڕەش بۆ دەنوسێتەوە، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر مامۆستایان و فەرمانبەران دەکرێت ستەمێکی بێ وێنەو برسیکردنێکی ڕوونە و فشارکردنیش پشتیوانی ستەم و برسیکردنە

🔷لێرەوە دەمانەوێ ڕوو بکەینە مامۆستایانی خاوەن هەڵوێست و بڵێین بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە ڕووبەڕووی ئەو نامەو بڵاوکراوە و زمانی هەڕەشانە ببنەوە کە ئاراستەتان دەکرێن، چونکە ئەوەی بڕیارە سزابدرێت حکومەتێکی نابەرپرس و بەرپرسانێکی مشەخۆری گەندەڵن نەك مامۆستایەکی گیرفانخاڵی ستەم لێکراو، بەپێی یاساش بەرپرسی یەکەمی هەموو گرفتەکان حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە پابەندی ئەو گرێبەستە مەدەنیە نەبوە کە لە نێوان خۆیی و مامۆستاو فەرمانەردا هەیە، لە کاتێکدا مامۆستایان بە ئەرکی خۆیان هەستاون، بەڵام حکومەتی هەرێم لە دەساڵی ڕابردوودا ١٤ مووچەی تەواوی پێنەداون و ٢٢ مووچەی بە پاشەکەوت و لێىرینەوە پێداون و کۆتا پێشێلکاری ئەو گرێبەستەش پێنەدانی مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١و١٢ی ٢٠٢٣ یە، بۆیە بە پێی یاسا هەر هەڵوویست و ڕێگایەك بۆ داواکردنی ئەو مافانە ڕەوا و یاسایین و بە پێچەوانەوە هەموو هەنگاوەکانی دەسەڵات نایاسایین.

🔶لە کۆتایدا ڕوودەکەینە دایکوباوکانی خۆشەویستی خوێندکاران و پێیاندەڵێین: مافی خوێندنی مناڵەکانتان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و هاوهەڵوێست بە مامۆستایان ڕووی داخوازیەکانتان بکەنە ئەو دەسەڵاتەی کە چەندین ساڵە وەك پەراوێز مامەڵەی لەگەڵ خوێندنی مناڵەکانتان کردوە و هیچ کات بەتەنگ کەرتی پەروەردەوە نەبووە، وەك چۆن هۆکاری هەموو قەیرانەکانەکانی ئەم وڵاتە خاوەن نەوتە دەوڵەمەندەیە.

🔷سەرکەوتنی ئەم خەباتە مەدەنیە و تەنها پێویستی بە خۆڕاگری و پشوودرێژی هەموان هەیە.

♦ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان وفەرمانبەرانی ناڕازی
٨ / ١ / ٢٠٢٤

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close