عێراقكوردستانهەواڵ

لیستی مووچەی مانگی ١٠ ئاڕاستەی بەغدا دەکرێت

ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی (١٠) فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە سیستمی ئۆتۆماتیکی پەیڕۆڵ لە تەواوبووندایە و لە ئانوساتی ڕەوانەکردنیدایە بۆ وەزارەتی دارایی، کە ئەوەش وەک پابەندییەکی بنەڕەتیی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکان، پرۆسەی ئامادەکردنی لیستەکە لە پارێزگای دهۆک تەواو بووە و فرسەت سەلیم، بەڕێوەبەری بایۆمەتریی پارێزگای دهۆک، ڕایگەیاندووە کە لەلایەن گەنجینەکانی دهۆک، زاخۆ، ئاکرێ و ئامێدی وردبینیی تەواوی بۆ کراوە و ڕادەستی وەزارەتی دارایی کراوە، بڕیاریشە لەم هەفتەیەدا ڕەوانەی بەغدا بگرێت.

هاوکات لە سلێمانیش لیستەکە ئامادە کراوە و یادگار جەبار، سەرپەرشتیاری بایۆمەتریی سلێمانی، ئاماژەی بەوە کردووە کە گەنجینەکان سەرقاڵی کۆتا وردبینین تاوەکو ڕادەستی وەزارەتی دارایی بکەن.

لە هەمان چوارچێوەدا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی کۆکردنەوەی لیستی سەرجەم پارێزگاکانە کە لەلایەن هەزار و ١٨٩ یەکەی ژمێریارییەوە ئامادە دەکرێن تاوەکو بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی بۆ بەغدایان بنێرێت، لە کاتێکدا لیستی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و کەسوکاری شەهیدان بە جیاواز لە سیستمی پەیڕۆڵ ئامادە دەکرێت.

پاش گەیشتنی لیستەکان، وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە وردبینیکردنی ناوەکان و بڕی دارایی تەرخانکراو دەکات و شاندی تەکنیکیی هەرێمی کوردستانیش ڕوونکردنەوە لەسەر هەر گۆڕانکارییەک دەدات ئەگەر تێبینی لەلایەن بەغداوە لەسەر لیستەکان دروست ببێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close