
فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکۆڵن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێدەهێڵێت
باسک نێت
دوای مانەوەیەکی درێژخایەن و زیاتر لە ۹ مانگ ئەرک لە ناوچەکەدا، فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی «یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن» کۆتایی بە ئەرکەکەی هێنا و دەستی بە گەشتی گەڕانەوە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد، لە بەرامبەریشدا فڕۆکەهەڵگری «جۆرج واشنتن» جێگەی گرتەوە.
لە کاتی بەجێهێشتنی ناوچەکەدا، یەکێک لە دەریاوانەکانی سەر کەشتیی ئەبراهام لینکۆڵن لە لێدوانێکدا باسی لە سەختیی بارودۆخەکە کرد و ڕای گەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا ورەی تیمەکە بە تەواوی دابەزیوە و دۆخی دەروونیان لەوپەڕی خراپیدا بووە، تەنانەت لە ماوەی ڕابردوودا دوو کەس لە هاوڕێکانیان هەوڵی خۆکوشتنیان داوە و خۆیان فڕێدایە دەریاوە، بەڵام توانراوە ڕزگار بکرێن.
دەریاوانەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ناو کەشتییەکە تێکچوون و زۆرجار ئاوی گەرم نەبووە و بەشێک لە ئاودەستەکانیش داخراون، هاوکات بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە نەیانتوانیوە لە هیچ بەندەرێکی وڵاتانی دۆستدا بوەستن و پشوو بدەن.
سەرەڕای ئەوەی هێزی دەریایی پێشنیاری حەوت مانگ دەکات بۆ ئەم جۆرە ئەرکانە، بەڵام ئەوان نزیکەی نۆ مانگ لە دەریادا ماونەتەوە.
لە بەرامبەردا، دەریاوانەکە ڕەخنەی لە هەڵوێستی بەرپرسانی وەک دۆناڵد ترەمپ گرت کە پێیان وا بووە ماوەی مانەوەیان کورت بووە، و لە کۆتاییشدا بە گەیشتنی فڕۆکەهەڵگری جۆرج واشنتن بۆ ناوچەکە، گەشتی گەڕانەوەیان بۆ ئەمریکا دەست پێ کرد.




