
ئاژانسێكی ئەمریكی:
واشنتۆن و تاران تاوتوێی درێژكردنەوەی ئاگربەست دەكەن بۆ دوو هەفتەی تر
”
باسک نێت
ئاژانسی هەواڵی “بلومبێرگ” دەڵێت: ئەمریکاو ئێران تاوتوێی درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە دەکەن کە رۆژی سێشەممەی داهاتوو کۆتایی دێت، بۆ ماوەی دوو هەفتەی دیکە، بۆ ئەوەی کاتێکی زیاتر بدرێت بە دانوستان لەبارەى رێککەوتنی ئاشتی.
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکەوە رایگەیاندووە، ناوبژیوانانی نێوان هەردوولا کاردەکەن بۆ رێکخستنی گفتوگۆی تەکنیکی بۆ چارەسەرکردنی پرسە زۆر ئاڵۆزەكان.
وتوشیەتی: ئەم پرسانە بریتین لە کردنەوەی گەرووی هورمز و دۆسییەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران، کە هەردووکیان لە خاڵە مشتومڕاوییەکانی دانوستانەكانی ئێستان.
ئەوەش دوای دێت، هەوڵە دیپلۆماسییەکان دووچاری وەستان بوون دوای ئەوەی خولێکی دانوستانەکان لە ئیسلام ئاباد بەبێ رێککەوتن کۆتایی هات، سەرەڕای بەردەوامی پەیوەندییە ناراستەوخۆکانی نێوان هەردوولا.
زانیارییەكانی ئەو میدیا ئەمریكییە لەكاتێكدایە، دۆناڵد ترەمپ لە دواین چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ كەناڵی “فۆكس نیوز” جەختیكرد لەوەی، ماوەی ئاگربەست درێژناكاتەوەو بە پێویستیشی نازانێت.



