
ئەردۆغان بۆ ناتانیاهۆ:
هیچ هێزێك ناتوانێت پەنجەى تۆمەت بۆ تورکیا رابکێشێت
باسک نێت
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا دەڵێت: تورکیا وڵاتێکی ئاسایی نییە، هیچ هێزێك ناتوانێت پەنجە تۆمەت بۆ تورکیاو سەرۆکەكەی رابکێشێت.
ئەردۆغان لە وتارێكدا بۆ گروپی پەرلەمانیی پارتەکەی، لە وەڵامی قسەكانی بنامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، كە ئەردۆغانی بە پشتیوانیكردنی ئێران و بریكارەكانی و کۆمەڵکوژی هاوڵاتیانی کورد لە وڵاتەكەی تۆمەتباركرد، وتی: بەبێ ئەوەی تەنانەت سەیری خوێنی 73 هەزار هاوڵاتی غەززە بکەن بە دەست و دەموچاویانەوە، بێ شەرمانە دێنە دەرەوەو لەڕێگەی برا کوردەکانمانەوە ناوبانگی وڵاتەكەمان دەشێوێنن، برایانی ئازیزم ئێمە ناکەوینە ناو ئەو تەڵەیە.
ئەردۆغان لەوەڵامی هەڕەشەکانی بەرپرسانی دیکەی ئیسرائیل کرد کە ئاڕاستەی تورکیا دەکەن وتی: نابێت کەس سروشتی نەرم و نیان و رەفتاری باشمان وا لێكبداتەوە مەڕی گوێڕایەڵین؛ کەس نابێت تێڕوانینێکی چەواشەکاری لەو شێوەیە بگرێتەبەر.




