
فرۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا زنجیرەیەك هێرشیان كردە سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە ئەنبارو باشوری كەركوك
باسک نێت
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنباری سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەڵێت: بارەگاکانی لە قایم لە رۆژئاوای پارێزگاکە بە هێرشی ئاسمانی کراونەتە ئامانج.
فەرماندەییەکە لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: ژمارەیەک لە بارەگاکانی سەر بە لیوای ١٣ (ئەلتفوف) لە شاری قایم لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار کەوتنە بەر هێرشێکی ئەمریکی – زایۆنیەکان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە: زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام زیان بە بارەگاکە گەیشتووە.
هاوكات، سەرچاوەیەک لە حەشدی شەعبی وتویەتی: 7 هێرشی ئاسمانی یەکێک لە بارەگاکانی لیوای 13یان کردووەتە ئامانج لە قایم لە رۆژئاوای عێراق.
لەلایەكی ترەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاویکردەوە، فڕۆکەی جەنگی نەناسراو دوو هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە و دوو پێگەی حەشدی شەعبی لە باشوری پارێزگای کەرکوک کردووەتە ئامانج.
سەرچاوەكە راشگەیاندووە، بۆردومانەکە دوو پێگەی سەر بە لیوای 16ی حەشدی کردووەتە ئامانج، کە یەکێکیان لە ناحیەی تازە و ئەوی تریان لە ناوچەی بەشیر لە باشوری پارێزگاکە.




