
رۆژنامەی فەرمی عێراق:
شیعەكان (48) كاتژمێریان بۆ پارتی و یەكێتی داناوە بۆ رێككەوتن لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار
باسک نێت
چوارچێوەی هەماهەنگی، وادەی 48 کاتژمێری بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دیاریكردووە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی كۆمار.
عەقیل ردەینی، وتەبێژی هاوپەیمانی نەسر، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی (الصباح) رایگەیاندووە، شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی رۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە نزیككردنەوەی دیدو بۆچوونی نێوان هەردوو حزبە کوردییەكە سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی كۆمار.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کۆبونەوانەی شاندەکە ئەنجامیانداوە بووەتە هۆی دەركەوتنی ئاماژەی ئەرێنی لە لایەنی کوردییەوە سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە بنبەستی سیاسی و هەنگاونان بەرەو جێبەجێکردنی شایستە دەستورییەکان لە چوارچێوەی یاسایی خۆیاندا.
رونیشیکردووەتەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی دوو ڕۆژ مۆڵەتی داوەتە لایەنە کوردستانییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەم چەقبەستووەو گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی كۆمار، ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ تەواوکردنی ئەو شایستە دەستورییانەی کە ماون.
ئێوارەی دوێنێ شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی دوای زنجیرەیەک دیداری گرنگ لەگەڵ سەرکردەکانی هەردوو حزبی کوردی لە هەولێر و سلێمانی بەڕیز گەڕاوەتە بەغداد.
رۆژنامەكە لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ئەوەشی راگەیاندووە، کۆبونەوەکان ئەنجامی ئەرێنییان لێکەوتووەتەوە، لەگەڵ دانانی بنەمایەك بۆ کۆدەنگی نێوان هەردوو حزب سەبارەت بە میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار، بەجۆرێك رێگری لە هەر قەیرانێک لە پرۆسەی سیاسی بكات، لەگەڵ زامنكردنی پابەندبوون بە وادە دەستورییەكان.




