
بزووتنەوەی حەمــاس ڕایگەیاند، وەک بەڵێنیاندابوو، باڵی چەکداریی بزووتنەوەکە غەززەی کردووەتە گۆڕستانێک بۆ ئیسرائیلییەکان. ئەمڕۆ چوارشەممە، بزووتنەوەی حەمــاس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لیواکانی عیزەددین قەسام (کە باڵی چەکداریی بزووتنەوەکەیە)، بەڵێنەکەیان جێبەجێکرد و کەرتی غەززەیان کردە گۆڕستانێک بۆ ئیسرائیل.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاگەیاندنی سوپای ئیسرائیل لەبارەی کوژرانی 10 سەرباز کە زۆربەیان ئەفسەرن، شەوی ڕابردوو لە شوجاعییە لە ڕۆژهەڵاتی غەززە و زیادبوونی ژمارەی کوژراوانیان لە ناوچە جیاجیاکانی شەڕدا، ڕادەی زیانەکە پشتڕاستدەکاتەوە.
حەمــاس باسی لەوەشکردووە، سوپای ئیسرائیل شکستیهێناوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەواندا. لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە: “ئێمە بە زایۆنیستەکان دەڵێین کە سەرکردایەتیی شکستخواردووتان هیچ ڕەچاوێک بە ژیانی سەربازەکانتان ناکات کە ڕۆژانە دەیانیان دەکوژرێن و برینداردەبن و ئێوەش هیچ ڕێگایەکتان نییە جگە لە کشانەوە لە غەززە”. لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا، حەمــاس هەرەشە لە سوپای ئیسرائیل دەکات و دەڵێت: “تا زیاتر لە غەززە بمێننەوە، زیاتر دەكوژرێن و زیانەکانتان گەورەتر دەبێت و بە نائومێدی و لەدەستدان لێی دەردەچیت”.