
پارەی ئێرانی دەگۆڕێت و ماوەی دوو ساڵ لەبەردەم حكومەتدایە بۆ ئەوەی پارەكانی ئێستا لە دەستی خەڵك كۆبكاتەوە.
مەجلیسی شوورای ئیسلامی ئێران پاش پەسەندكردنی گەڵاڵەی چاكسازی سیستەمی پارە و بانكی، گۆڕینی پارەی وڵاتەكەی لە ڕیاڵەوە بۆ تمەن پەسەند كرد بەوەش پارەی ئێستا چوار سفری لێدەبێتەوە.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی میهری سەر بە حكومەتی ئێران، پارەی ئێستای ئێران كە ریاڵە دەگۆڕێت و چوار سفر لە پارەكەیان دەبێتەوە و بانكی ناوەندی دوو ساڵ ماوەی دەبێت بۆ كۆ كردنەوەی پارەكان لە دەستی خەڵك و ئەنجام دانی تەواوی كارەكانی ئەو بڕیارە.
بڕیارەكەی مەجلیسی شورای ئێران ناویناوە بە قۆناغی پەڕینەوە لەو ماوەیەدا تەواوی ئەو بەڵێن و دانوستان و گرێبەستانە كە پێشتر بە پێی ڕیاڵ كراون، بە پێی تمەن ئەنجام دەدرێن.
بەهۆی بلۆككردن و ئابڵوقەی ئابوری لەسەر ئێران ئەو وڵاتە لە ساڵی 2018وە بەشێوەیەكی بەردەوام لە هەوڵی خۆدەربازكردنە لە ئابڵوقە ئابوریەكەی ئەمریكا.