
فرۆكەكانی ئیسرائیل دەیان باڵەخانەیان لە زاحیەی باشوری بەیروت تەختی زەوی كرد
“(25%) باڵەخانەكانی باشوری لوبنان خاپوركراون یان زیانیان پێگەیشتووە”
باسک نێت
میدیاكانی لوبنان بڵاویانكردەوە: بەیانی ئەمڕۆ دەیان باڵاخانە لە زاحیەی باشوری لوبنانی پایتەخت، بەهۆی هێرشی فرۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیلەوە تەختی زەوی كراون.
ئاژانسی هەواڵی لوبنان لەوباریەوە رایگەیاند: فرۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بەیانی ئەمڕۆ (10) هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر ناوچەكانی (غبیری و كەفائات و ئوتوستراد و رێگای فرۆكەخانەو رویس و حارەی حریك و چەندین ناوچەی تر لە زاحیەی باشوری بەیروت ئەنجامداوە، كە بە پێگەی سەرەكی حزبوڵای لوبنان دادەنرێت.
بەگوێرەی سەرچاوەكە، هێرشەكان وێرانكارییەكی گەورە لەوناچانە لێكەوتووەتە، بەجۆرێك دەیان باڵەخانە تەختی زەوی بوون، وێڕای كەوتنەوەی ئاگر.
هەر لە چوارچێوەی هێرشەكانی ئیسرائیلدا بۆ سەر لوبنان، رۆژنامەی “واشنتۆن پۆست” پاڵپشت بە مانگە دەستكردەكان بڵاویكردووەتەوە، نزیكەی (25%) باڵەخانەكانی (25) شاروشارۆچكە لە باشوری لوبنان كە نزیكی سنوری ئیسرائیلن خاپوركراون یان زیانیان پێگەیشتووە، بەهۆی بۆردوكانی ئیسرائیلەوە.




