
نەتەنیاهۆ بەنیازە لە سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا لەم مانگەدا پلانەکانی بۆ هێرشێکی دیکە بۆ سەر ئێران بخاتە بەردەم ترەمپ، بەو پێیەى ئێران نۆژەنکردنەوەی توانا مووشەکییەکانی خێراتر کردووە و دەتوانێت توانای بەرهەمهێنانی سێ هەزار مووشەک لە ساڵێکدا بەدەستبهێنێت، ئەوەش بەپێی کەناڵی ئێن بی سی نیوزى ئەمەریکى.
باسک نێت
بڕیارە لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی ئەمریکا بکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە.
کەناڵی ئەمریکی ئێن بی سی نیوز، بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، پێدەچێت نەتەنیاهۆ هەوڵی ئەوە بدات قەناعەت بە سەرۆکی ئەمەریکا بکات کە بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی ئێران هەڕەشەیەکی جددییە و پێویستە بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەم مەترسیە هەنگاوی خێرا بگیرێتە بەر.
بەوتەى ئەو بەرپرسە ئیسرائیلیانە، بەشێک لەو فاکتەرانەی کە نەتەنیاهۆ وەک هەڕەشەیەک کە پێویستی بە هەنگاوی بەپەلە هەیە دەیخاتە سەر مێزی ترەمپ بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەگەرێتەوە بۆ ئەوەى کە تەلئەبیب پێی وایە نەک تەنها مەترسیە بۆ سەر ئیسرائیل بەڵکو هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و ناوچەکە بە گشتی و لەو پێناوەدا نەتەنیاهۆ چەند بژاردەیەک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و ئەگەری بەشداریکردنی ئەمەریکا لەو هێرشەدا دەخاتە بەردەم ترەمپ.
بژاردەکانى نەتەنیاهۆ بۆ ترەمپ
بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی ئیسرائیل پێش هێرشەکانی مانگی حوزەیران بۆ سەر ئێران چوار بژاردەیان بۆ جۆر و ئاستی بەشداری ئەمەریکا لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران خستوەتە بەردەم ترەمپ، پلانی یەکەم ئەوە بوو کە ئیسرائیل تاکلایەنە هێرش بۆ سەر ئێران ئەنجام بدات، پلانی دووەم پاڵپشتی سنوورداری ئەمریکا بوو لەشەرەکەدا و پلانی سێیەم بریتی بوو لە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران و پلانی چوارەم ئەوە بوو کە ئەمەریکا بە تەنیا هێرش بکاتە سەر ئێران و لە کۆتاییدا ترەمپ پلانی سێیەمی هەڵبژارد و ئۆپراسیۆنی هاوبەشی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران هەڵبژارد.
بەگوێرەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، پێدەچێت لە کۆبوونەوەکەی ئەمجارەشدا نەتانیاهۆ پلانێکی لەو شێوەیە بخاتە بەر دەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئێن بی سی نیوز، ئەم پرسە لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمەریکا سەبارەت بە پلانی نەتەنیاهۆ بۆ ئاگربەست لە غەززە و دەستپێکردنەوەی قۆناغی دوەمی ئاگربەستەکە بەردەوامە.
دوو بەرپرسی ئیسرائیل کەناڵەکەیان راگەیاندووە کە ئەگەر ئەو گرژییە بەردەوام بێت، ڕەنگە ترەمپ کەمتر خواستى هەبێت بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەربازیی زیاتر لە دژی ئێران.
بەپێی بەرپرسانی ئەمریکا و سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پلانەکانی ئیسرائیل، توانای ئێران بۆ بەرهەمهێنانی موشەکی بالیستی ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت، دەتوانێت بگاتە 3 هەزار موشەک لە ساڵێکدا. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن توانای بەرهەمهێنان و ژمارەی ئەو موشەکە بالیستیانەی کە ئێران دەتوانێت لە هەر هێرشێکدا بەکاریبهێنێت بووەتە هۆی نیگەرانی سەرەکی ئیسرائیل.
عەلی واعز، بەڕێوەبەری پرۆژەی ئێران لە گروپی قەیرانى نێودەوڵەتی، مانگی رابردوو بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی راگەیاندبوو، بەرپرسانی ئێران پێیان راگەیاندوون کە کارگەکانی مووشەک “بە درێژایی کات” کاردەکەن و “ئەگەر شەڕێکی دیکە ڕووبدات توانای ئەوەیان هەیە لە یەک کاتدا 2 هەزار مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل بکەن و هێرشێک لەو ئاستە دا دەتوانێت بە تەواوەتی سیستەمی بەرگری ئیسرائیل پەک بخات”.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئێران لە ماوەی شەڕی رابردوودا نزیکەی 500 مووشەکی لە ماوەی 12 رۆژدا ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد.
“ئێران خۆی بۆ شەڕی داهاتوو ئامادە دەکات”
دانی سیترینۆڤیچ، لێکۆڵەری باڵای پرۆگرامی ئێران و بەرەی مقاوەمە لە ئینستیتیوتی ئیسڕائیلی بۆ لێکۆڵینەوە لە ئاسایشی نەتەوەیی، لە وتارێکدا کە ڕۆژی شەممە لە ڕۆژنامەی ئیسڕائیل هیۆم بڵاویکردوەتەوە ئاشکرای دەکات کە دەستکەوتەکانی ئیسرائیل لە شەڕی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئێران نەیتوانیوە سەرکەوتنێکی ستراتیجی ڕاستەقینە تۆمار بکات.
بە گوێرەی ئەم شارەزا سیاسییە هۆکاری سەرکەوتوونەبوونی هێرشەکەی مانگی حوزەیرانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە لایەک بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە سەرکردایەتی ئێران باوەڕی بەوە نییە کە وڵاتەکەیان لەم شەڕەدا شکستی هێنابێت، لە لایەکی دیکەشەوە تاران پێی وایە کە خولێکی دیکەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل مسۆگەرە و ئەوەی ماوەتەوە پرسی کاتی هێرشەکەیە، هەر بۆیەش بە تایبەتی سەرنجی لەسەر بنیاتنانەوەی جبەخانەی مووشەکیی خۆی داوە.
ئەو توێژەر و بەرپرسەی پێشووی سەربازی ئیسرائیل دەڵێت: دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ لە جەنگی 12 ڕۆژە و سەرەڕای دەستکەوتە سەرنجڕاکێشەکانی ئیسرائیل، پێناچێت گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی روویدابێت. ئێران خەریکە جبەخانەی مووشەکی خۆی نۆژەن دەکاتەوە، دەوترێت هەنگاوەکانی بۆ زیندووکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستپێکردووەتەوە و بەردەوامە لە ڕەتکردنەوەی ڕێککەوتنێک کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار بکات یان کۆتایی بە پیتاندنی یۆرانیۆم لە خاکەکەی بهێنێت.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە تاران خۆی بۆ شەڕێکی دیکە لەگەڵ ئیسرائیل ئامادە دەکات و هەوڵ دەدات لەو وانانەی کە لە ڕابردوودا فێری بووە، پەند وەربگرێت




