
ترەمپ بۆ ناتانیاهۆ:
خۆت كۆنترۆڵ بكە تۆ ئێستا بەشێكیت لە پرۆژەی من، ئەگەرنا بۆردومانت دەكەم
باسک نێت
میدیای قەوارە كاتییەكە پەیوەندییەكی نێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ ئاشكرادەكات و دەڵێت “دوای ئەوەی ترەمپ وەڵامەكەی بزوتنەوەی حەماسی بۆ ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەكان پێگەیشتووە، وتویەتی؛ وەڵامەكە ئیجابییە و بەدڵمە، بەوهۆیەشەوە ناتانیاهۆ پەیوەندیی بە ترەمپەوە دەكات و پێیدەڵێت؛ وەڵامەكەی حەماس هیچ مانایەكی نیە و پێویست ناكات ئاهەنگی بۆ بگێڕیت” .
كەناڵی 12 ی عیبری هەواڵەكەی بڵاوكردووەتەوە و ئاشكرایكردووە “ترەمپ بەم قسانەی ناتانیاهۆ تێكچووە، لێی توڕە بووە و پێیوتووە؛ تۆ بۆچی هەمووكات بە خراپ بیردەكەیتەوە، پلانی ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە پلانی منە نەك تۆ و لەسەر تۆشە پابەند بیت وەك حەماس” .
ئەو كەناڵە عیبرییە دەڵێت “لەدوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی ناتانیاهۆ، ترەمپ پەیامی بۆ ناتانیاهۆ و هاوكارەكانی ناردووە و پێیوتوون؛ هەر دوو سەعات جارێك پەیامێكتان لە منەوە پێدەگات، جا یان تویتێكە یان نەخشەیەكە یان بەیاننامە و تۆمارێك” .
ترەمپ لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا لەگەڵ ناتانیاهۆ و لەو پەیامانەشدا كە دوای پەیوەندییەكە بۆ ناتانیاهۆی ناردووە پێیوتووە “پێویستە لەسەرت، خۆت و ئەو گروپەی ناوت لێناوە حكومەتی ئەمنیی بچوككراوە، خۆتان كۆنترۆڵ بكەن ئێوە ئێستا بەشێكن لە پرۆژەكەی من نەك بەپیچەوانەوە، ئەگەرنا بۆردومانتان دەكەم” (كەناڵە عیبرییەكە وادەڵێت) .
ئاماژەیبەوەشكردووە “ناتانیاهۆ كە پەیامەكانی ترەمپی پێگەیشتووە و لەوە حاڵی بووە كە چیتر ترەمپ ناچێتە ژێرباری فێڵ و درۆكانییەوە، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی ئەنجامداوە و گەشبینی خۆی بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە دەربڕیوە بۆئەوەی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەكان بكاتە دەستكەوتی خۆی” .




