
بەهۆی هەڕەشەكانی ئەمریكاوە؛ حكومەت پرۆژەیاسای حەشدی لە پەرلەمان كێشایەوە
باسک نێت
دواجار لەژێر فشارو هەڕەشەكانی ئەمریكادا، حكومەتی محەمەد شیاع سودانی پرۆژە یاسای (دەستەی حەشدی شەعبی) لە پەرلەمان كێشایەوە.
سەرچاوەكان لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە ئاشكرایانكرد، حكومەت پرۆژەیاسای (دەستەی حەشدی شەعبی) كشاندوەتەوە.
چەند مانگێكە پەرلەمان لەناكۆكیدایە لەسەر ئەم پرۆژەیاسایە، شیعەكان دەیانەوێت تێیپەڕینن، كوردو سوننە دژی یاساكەن.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا زیاد لە جارێك لە فەرمی هۆشداری بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوە لەبارەی تێپەڕاندنی ئەم پرۆژە یاسایە، واشنتۆن بەشێك لە گروپەكانی ناو حەشدی شەعبی بە لایەنگری ئێران ناودەبات و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم هێزە دەكات.
هەڕەشەكانی ئەمریكا لەبارەی ئەم یاسایە گەیشتوەتە ئاستێك، گروپەكانی حەشد خۆیان بۆ ئەگەری هێرشی سەربازیی ئامادە كردووە، سەرباری ئەمە سەرچاوەی دارایی عێراق كە داهاتی فرۆشی نەوتە لەژێر كۆنترۆڵی ئەمریكادایەو دەتوانێت لەم رێگەیەوە فشاری توند بخاتە سەر بەغداد.
حكومەتی سودانی دەركردنی ئەم یاسایەی وەكو بەشێك لە بەرنامەی كاری خۆی ناودەبرد، بۆ رێكخستنەوەی پەیكەری هێزە ئەمنی و سەربازییەكان.
هاوپەیمانی (چوارچێوەی هەماهەنگی) كە لایەنە شیعەكانی دۆستی ئێران لەخۆدەگرێت، لەماوەی رابردوودا چەنجارێك تاوتوێی پرسی لێكەوتەكانی پەسەندكردنی یاسای حەشدیان كرد، بۆچونی دواخستنی پەسەندكردنی ئەم یاسایە بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان زاڵتر بوو، ئەمە بۆ خۆبەدورگرتن لە گورزی سەربازیی یان ئابوری ئەمریكا لە عێراق.




