جیهانڕاپۆرتهەواڵ

چیرۆکی گەشتەکەو ساتی ونبوونی هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆکی ئێران

باسک نێت

غوڵام حوسێن ئیسماعیلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ئیبڕاهیم ڕەئیسی، کە هاوسەفەری سەرۆک بووە، لە دیدارێکی تەلەفیزیۆنیدا، چیرۆکی گەشتەکەو ساتی ونبوونی هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆک و گیانلەدەستدانی سەرنشینەکانی هەلیکۆپتەرەکە دەگێڕێتەوە. ‌

غولام حوسێن ئیسماعیلی، لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا دەڵێت، بەیانی رۆژی یەكشەمە لە تارانەوە بەرەو تەبرێز بەڕێكەوتین و کاتژمێر حەوتی بەیانی گەیشتین، بە فڕۆكەیەكی هەلیكۆپتەر سەردانی چەند پڕۆژیەكمان كرد و كەشوهەوا باشبوو، پلانمان هەبوو سەردانی ناوچەی تریش بكەین، کاتژمێر نۆی بەیانی بەرەو ناوچەی ” خدا ئافرین”ی سنووری لەگەڵ ئازەربایجان چووین و كەشوهەوا زۆر باشبوو، لەوێ پڕۆژەی بەنداوەكەمان كردەوە و ماوەی کاتژمێرێک لەگەڵ سەرۆكی ئازەربایجان كۆبووینەوە، ئینجا نوێژی نیوەڕۆمان لەوێ كرد.

غولام حوسێن، دەڵێت:” لە کاتژمێر یەكی دوای نیوەڕۆ سواری هەلیكۆپتەرەكان بووین و بەرەو تەبرێز بەڕێ كەوتین و كەشوهەوا باشبوو، ئاسمان ساماڵ بوو و هیچ دیاردەیەكی نائاسایی كەشوهەوا نەبوو، دوای نیو کاتژمێر لە رێگە لە دۆڵێكی نزیك لە ناوچەی ” میس سۆنگۆن” ، هەور هەبوو، بەڵام لەسەر رێگەمان تەم نەبوو و هەورەكان تۆزێك لە سەرووی هەلیكۆپتەرەكان بوون، فڕۆكەوانی هەلیكۆپتەری سەرۆك، وەك فەرماندەی مەیدانی گەشتەكە پێیڕاگەیاندین كە پێویستە بەرزتر بفڕین و لە گەشتەكە لەسەر هەورەكان بەردەوام بین، بۆیە هەلیكۆپتەرەكان بەرزتر بوونەوە، دوای 30 چركە لە فڕین بەو شێوە، فڕۆكەوانی هەلیكۆپتەری ئێمە تێبینی ئەوەی كرد كە هەلیكۆپتەری سەرۆك لەگەڵ ئێمە نییەو ون بووە، بۆیە بەدوایدا گەڕاین، بە ئێمەیان گوت رەنگە نیشتبێتەوە، چونكە ماوەی 30 حولەک پێوەندیمان لەگەڵیدا پچڕا بوو، هەلیكۆپتەری ئێمە چەند جارێك سووڕایەوە و هیچ پێوەندییەك نەبوو، دوای 30 چركە لە میس سۆنگون نیشتینەوە.

بەرپرسی نووسینگەی رەئیسی باسیلەوەشکرد،، پێوەندیمان بە سەرنشینانی هەلیكۆپتەرەكە كرد، بەڵام وەڵامیان نەبوو، خۆم و وەزیرانی گواستنەوە و وزە پێوەندیمان دەكرد، بەڵام وەڵامیان نەبوو، تیمی فڕۆكەكەمان پێیان گوتین كە پێوەندییان بە فڕۆكەوانی هەلیكۆپتەری سەرۆك كردووە، بەڵام ئایەتوڵا محەمەد عەلی ئال هاشم وەڵامی داوەتەوەو وتوویەتی كە هەلیكۆپتەرەكە لە دۆڵەكە كەوتووەتە خوارەوە، جارێكیتر پێوەندیمان پێوەی كرد گوتی، من باش نیم، نازانم چی روویداوە و ناشزانم لە كوێم، من لە ناو دارستانم و كەس نابینم و بە تەنیام، بۆیە بۆمان روون بووەوە كە هەلیكۆپتەرەكە تووشی رووداو بووە.

ئیسماعیلی ئاماژەی بەوە دەکات، لەگەڵ تیمی فریاكەوتن بەرەو ناوچەكە چووین، چەند جارێكیتر لەگەڵ ئال هاشمی قسەمان كرد و تا سێ کاتژمێر وەڵامی هەبوو، بەڵام دیار بوو ماندوو بوو و دەیناڵاند، دەمانزانی كە لە ژیان ماوە، بەڵام ئەوانیتر راستەوخۆ بەهۆی رووداوەكەوە گیانیان لە دەست دابوو، ئال هاشمیش دوای چەند کاتژمێرێک گیانی لە دەستدا.باسک نێت

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close