
دوای ئەوەی شاندێکی بزووتنەوەی حەماس بەرەو قاهیرە ڕۆیشت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەست، بزوتنەوەکە مەرجەکانی خۆی ڕاگەیاند و دەڵێت، “بە مەرجی ئاگربەست، بارمتەکانی ئیسرائیل لە كەرتی غەززە ئازاد دەكەن و ڕۆژێک دواکەوتن واتای چارەنوسێکی نادیارە بۆ بارمتەکان”.
لەمبارەیەوە بزوتنەوەی حەماس، رۆژی شەممە لە راگەیەندراوێكدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆرمی تێلیگرام بڵاویکردەوە، بە مەرجی ئاگربەست، بارمتەکانی ئیسرائیل لە كەرتی غەززە ئازاد دەكەن.
ئاماژە بەوەشکراوە كە هەر ڕۆژێک دواکەوتن بە واتای زیاتری قوربانیانی مەدەنی لە غەززە دێت، هەروەها چارەنوسێکی نادیارە بۆ بارمتەکان.
ئەوەشخراوەتەروو کە بانگەوازەکان لەناو ئیسرائیلدا بەرەو هەڵکشان دەچن بۆ وەستاندنی شەڕ و ئازادکردنی دیلەکان، جەختیشی لەسەر بەرپرسیارێتی نەتانیاهۆ لە درێژەدان بە شەڕ و ئازارەکانی گەلی فەلەستین کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەكە جەخت لەوەکراوەتەوە کە “منداڵان و دیلەکانی غەززە قوربانیی ویستەكانی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلن بۆ مانەوە لە دەسەڵات و ڕزگاربون لە لێپێچینەوە”.
ئەوەش هاتووە : هەموو جیهان ئازادكردنی بارمتەكانی لە بەرامبەر ئاگربەست قبوڵە، لەکاتێکدا نەتەنیاهۆ ڕەتیدەکاتەوە.
جێی باسە ئەوە لەكاتێكدایە سەرچاوەیەکی ئاگاداری بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، شاندێکی سەرکردە باڵاکانی بزوتنەوەی حەماس سەفەریان کردوە بۆ قاهیرە بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی میسر سەبارەت بە ئاگربەست.
باسک نێت




