
باسک نێت
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی راگوزەر، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی دامەزراند، کە خۆی سەرۆکایەتیی دەکات و لە حەوت ئەندامیش پێکدێت.
سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی راگوزەر، بڕیاری ژمارە پێنجی سەرۆکایەتی دەرکرد، کە تایبەتە بە دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئاسایشیی نەتەوەیی سووریا
لە بڕیارەکەدا هاتووە: بەپشت بەستن بەو دەسەڵاتەی بە سەرۆککۆماری عەرەبی سووریا دراوە و لە پێناو بەرژەوەندی باڵا و تۆکمەکردنی ئاسایشی نیشتمانیی و وەڵامدانەوەی ئاڵنگارییە ئەمنی و سیاسییەکان بۆ قۆناغی داهاتوو، سەرۆککۆمار ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دا:
یەکەم: ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆمار پێکدێت. ئامانج لێی هاوئاهەنگیکردن و بەڕێوەبردنی سیاسەتە ئەمنی و سیاسییەکانە.
دووەم: ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لەمانە پێکدێت
– وەزیری دەرەوە
– وەزیری بەرگری
– بەڕێوەبەری هەواڵگریی گشتی
– وەزیری ناوخۆ
– دوو کورسی راوێژکاری لەلایەن سەرۆککۆمار بەپێی لێهاتوویی و ئەزموونیان دەستنیشان دەکرێن.
– کورسییەکی تەکنیکی پسپۆڕ ئەویش لەلایەن سەرۆککۆمارەوە دەستنیشان دەکرێت بۆ چاودێریکردنی کاروباری تەکنیکی و زانستی پەیوەندیدار بە کۆنووسی دانیشتنەکان.
سێیەم: ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆبوونەوەکانی بەشێوەی خولی یان لەسەر بانگهێشتی سەرۆککۆمار دەکات. تەواوی ئەندامانی بڕیار لەبارەی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاڵنگارییەکان دەدەن کە رووبەڕووی دەوڵەت دەبێتەوە.
چوارەم: ئەرکەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و میکانیزمی کارەکانی بەپێی راسپاردەی سەرۆککۆمار دیاری دەکرێت. بەجۆرێک لەگەڵ بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی بێت و هاوئاهەنگی کارا لەنێوان سەرجەم دامودەزگاکان بکات.
پێنجەم: بڕیارەکە لە رۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی ئاگادار دەکرێنەوە