جیهانڕاپۆرتهەواڵ

ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆكی روسیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئەحمەد شەرعدا كرد

باسک نێت
بۆ یەكەمجار لەدوای هەڵاتنی بەشار ئەسەدەوە بۆ مۆسكۆ، ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆكی روسیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئەحمەد شەرعدا كرد.

ئاژانسی هەواڵەكانی سوریا (سانا) ئاشكرایكرد، ڤلادیمیر پۆتین بە تەلەفۆن پەیوەندی بە ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری قۆناغی راگوزەری سوریاوە كردووە.
بەگوێرەی قسەی ئاژانسەكە، لە پەیوەندییەكەدا پۆتین پیرۆزبایی لە ئەحمەد شەرع كردووە بەبۆنەی دانانی بە سەرۆك كۆمار، پشتیوانی روسیای بۆ یەكێتیی خاك و سەروەریی و سەقامگیریی سوریا نیشانداوە.

پۆتین هەروەها ئامادەیی مۆسكۆی نیشانداوە بۆ پێداچوونەوە بەو رێككەوتنانەی كە وڵاتەكەی لەگەڵ رژێمی پێشووی سوریا كردویەتی.

مۆسكۆ لەدوای راپەڕینی خەڵكی سوریاوە لە 2011دا، پاڵپشتی لە رژێمی ئەسەد دەكرد دژ بە گروپە ئۆپۆزسیۆنەكان، لەگەڵ سەرهەڵدانی توندوتیژیشدا لەو وڵاتە، روسیا شێوازی پشتیوانی خۆی بۆ ئەسەد گۆڕی بۆ ناردنی هێزی سەربازیی.

ئێستا كە ئیتر رژێمی ئەسەد كۆتایی هاتووە، مۆسكۆ چاوی لەوەیە پارێزگاریی لە پێگە سەربازییەكانی خۆی بكات لە سوریا، بۆ ئەمەش دانی بە دەسەڵاتی نوێی دیمەشقدا ناوە.

لەبەرامبەردا دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا لە گفتوگۆیاندا لەگەڵ بەرپرسانی روس ئامادەیی خۆیان بۆ نوێكردنەوەی رێككەوتنەكان نیشانداوە، بەڵام لەپاڵ ئەمەشدا بابەتی رادەستكردنەوەی بەشار ئەسەد دەوروژێنن بەمەبەستی دادگایكردنی لە سوریاو، دیار نییە ئایا روسیا ئەم كارەیان بۆ دەكات یاخود نا.

پۆتین لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ئەمرۆیدا باسی لەوەكردووە پێویستە سزا ئابورییەكانی سەر سوریا هەڵبگیرێن، وەزیری دەرەوەی سوریاشی بانگهێشت كردووە بۆ ئەوەی سەردانی دیمەشق بكات.
لەبەرامبەر ئەمانەدا، ئەحمەد شەرع ئامادەیی نیشانداوە بۆ كرانەوەی سوریا بەڕووی هەموو لایەنەكاندا.

راگەیەندراوی كۆشكی كرملن لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەوە دەڵێ:” رێككەوتن كراوە لەسەر ئەوەی بەردەوامی بدرێت بەمجۆرە پەیوەندییە سودبەخشانە بۆ دانانی ئەجێندایەكی فراوان بەمەبەستی فراوانكردنی هاوكاریی دووقۆڵی و پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە بنیادنەرو دەوڵەمەند بووە لەڕووی كرۆكەوە”.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close