كوردستانهەواڵ

هاوڵاتییانی پێنجوێن: لە ڕۆژانی داهاتوودا هەڵوێستی پێنجوێنیانەمان دەبێت

دەستەی ڕێکخەری خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن ڕایگەیاند، کەمکردنەوەى کارەباى پێنجوێن هێڵى سورە و لەڕۆژانی داهاتوودا هەڵوێستی پێنجوێنیانەیان دەبێت. داواش لە هاوڵاتییانی پێنجوێن دەکەن، خۆیان ئامادە بکەن بۆ کۆتایهێنان بەو “بێڕێزییانەی” بەرامبەریان دەکرێت.

باسک نێت – پێنجۆێن


دەستەی ڕێکخەری خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە: “بەهۆی بێباکیی کاربەدەستانی حکومەت بەگشتی و خەمساردی و کەمتەرخەمیی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، شارۆچکەی پێنجوێن ڕۆژ بەڕۆژ لە وێرانەیەکی پشتگوێخراو نزیک دەبێتەوەو بە تەواوی پەراوێز خراوە و وەک ناوچەیەکی سزادراو لەلایەن حوکمەتی هەرێم و حوکمەتی خۆجێییشەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت”.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو بەڵێنانەی لە خۆپیشاندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن وەزارەتەکانی حکومەت درا بە پێنجوێنییەکان، تەنیا کردنەوەی فەرمانگەی ئاوەدانکردنەوە جێبەجێکراوە .


لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار ڕێکاری چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانی قەزاکەیان خستووەتە بەردەم لێپرسراوان و ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردن، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمییەوە گرفتەکان ڕۆژبەڕۆژ زیاددەکات و کەڵەکە دەبێت.


هاوکات ئاماژە بەوەشدراوە: “بەهەموو شێوەیەک بێ ئومێد بووین لەچارەسەرکرنی گرفتەکان، بەکورتی ئەوەی لەسەر شانی ئێمە بووە گەیاندنی کێشەو گرفتەکانی ئەم شارە بووە بەلایەنی پەیوەندیدار بە شێوازێکی شارستانی و بێ کەموکوڕی”.


دەستەی ڕێکخەری خۆپیشاندانەکانی پێنجوێن لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ڕایگەیاندووە، کارەبای پێنجوێن هێڵی سورە و لە ڕۆژانی داهاتوودا هەڵوێستی پێنجوێنییانەیان دەبێت و هەرگیز زوڵم و ستەم قبوڵ ناکەن. داواش لە هاوڵاتییانى پێنجوێن دەکەن، خۆیان ئامادە بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەو “بێڕێزییانەی” بەرامبەریان دەکرێت.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close