🔶 جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، محەمەد سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتی ناوخۆی راسپاردووە کە ئەو هێزەی چووەتە گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک، بکشێتەوە.
🔷 شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، “دوێنێ دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک پەیوەندییان کرد کە هێزێک هاتووەتە سەریان و داوای چۆڵکردنی ماڵەکانیان دەکات، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەم کرد و ئەویش وەزارەتی ناوخۆی راسپارد، کە ئەو هێزەی چووەتە گەڕەکی نەورۆز بکشێتەوە.”
🔶 شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد، “لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان قسەم کرد و بڕیارەکە جێبەجێ دەکات.”
♦رۆژی سێشەممە 02-01-2024 هێزێکی زۆری فیرقەی 11ی سوپای عێراق چوونە سەر ماڵی هاونیشتمانییان لە گەڕەکی نەورۆز لەنێو شاری کەرکووک. هێزەکان لە بەیانی زووەوە هەڵیان کوتایە سەر گەڕەکەکە و دەرگا بە دەرگای تەواوی ماڵەکانیان کوتا، ئاگاداریان کردنەوە کە دەبێت خانووەکان چۆڵ بکرێن.