
روسیا دان بە تالیباندا دەنێت، لە داهاتوودا تەحریر شام لە لیستی تیرۆر دەردەێنێت
باسک نێت
پەرلەمان روسیا ئەمڕۆ یاسایەكی پەسەند كرد كە رێگە بە هەڵپەساردنی بڕیاری قەدەغەكردنی ئەو رێكخراوانە دەدات كە مۆسكۆ وەكو رێكخراوی تیرۆرستیی پۆلێنی كردوون، ئەم یاسایە دەرگا دەكاتەوە لەبەردەم ئاساییكرنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بزوتنەوەی تالیبانی ئەفغانستان و رەنگە دواتریش (دەستەی تەحریر شام) لە سوریا.
ئێستا هیچ یەكێك لە دەوڵەتەكانی جیهان دان بە حكومەتەكەی تالیباندا نانێن، حكومەتێك كە ساڵی 2021 دروستكرا، دوای 20 ساڵ لە هەڵگیرسانی جەنگ و كشانەوەی كتوپڕی هێزە بیانییەكان لە ئەفغانستان بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا.
لە ساڵی 2003وە روسیا؛ بزوتنەوەی تالیبان خستوەتە لیستی رێكخراوە تیرۆرستییەكانەوە، بەڵام ئەمە رێگر نەبووە لەوەی لەم ساڵانەی دواییدا مۆسكۆ پەیوەندی لەگەڵ تالیبان ببەستێت، تا ئەو رادەی لە چەندین بۆنەدا پێشوازی لە نوێنەری تالیبان كردووە.
ئێستا ئیتر وای لێهاتووە، مۆسكۆ وردە وردە پەیوەندی لەگەڵ تالیبان گرێ دەدات، تەموزی رابردوو سەرۆك ڤلادیمیر پۆتین وتی: تالیبان هاوپەیمانێكە لە شەڕی دژ بە تیرۆردا.
لەلایەكی ترەوە، دوێنێ رەمەزان قەدیرۆڤ سەرۆك كۆماری چیچان كە یەكێكە لە دۆستە نزیكەكانی پۆتین، داوایكرد (دەستەی تەحریر شام)ی سوریا لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت، كە لەم مانگەدا كۆتایی بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا.
لەشەڕی ناوخۆیی سوریادا، روسیا تا دواین ساتەكانی پشتیوانی مانەوەی بەشار ئەسەدی دەكرد، لەچوارچێوەی ئەم پشتیوانییەدا هەر لەسەرەتاوەی دەستەی تەحریر شامی لە لیستی تیرۆردا دانا.