كوردستانهەواڵ

کۆمسیۆن دڵنیایی دەداتە دەنگدەرانی هەرێم

بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە وادەی خۆیدا بەردەوامە. دەشڵێت: “دڵنیایی دەدەینە هەموو دەنگدەر و لایەنە سیاسیەکان هیچ کەس نازانێت کێ دەنگ بە کێ دەدات”.
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەڕوان محەمەد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند: “92٪ـی کارتی دەنگدان دابەش کراوەتەوە و لە ئێستادا خەڵک زیاتر سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەترییەکانیان”.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو سیستمی دەنگدان بە وشەی نهێنیی تایبەت پارێزراوە و چەند کۆمپانیایەکی جیهانی سەرپەرشتیی سیستمەکە دەکەن.

مەڕوان محەمەد جەختی لەوەش کردەوە، دڵنیایی دەدەنە هەموو دەنگدەر و لایەنە سیاسیەکان کە لە کاتی دەنگدان هیچ کەس نازانێت کێ دەنگ بە کێ دەدات.
دەشڵێت: “هەندێک کەس تەنیا بۆ ساردکردنەوەی دەنگدەر دەنگۆی ئاشکرابوونی دەنگ لە هەڵبژاردن بڵاو دەکەنەوە”.
بڕیارە 20ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، ئەمەش دوای ئەوەی چوار جار بە هۆکاری سیاسی دواخرا.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close