
باسک نێت
بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێم کە نەیویست ناوى ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “شاندێكی گومرگی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەی دەروازەی پەروێزخان سەردانی دەروازەکەی کردوە، بەڵام بەرپرسانى دەروازەکە نەیانتوانیوە هەماهەنگی لەگەڵ شاندهكهی عێراق بکەن چونکە شاندهكهی عێراق بەبێ ئاگاداری هەرێم سەردانی دەروازەکەی کردوە”.
وتیشی، “وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەی دەروازەی پەروێزخان پێکهێناوە”.
ئێوارەی دوشەممە، ئاگرێکی گەورە لە دەروازەی پەروێزخانی نێوان وڵاتی ئێران و ناوچەی گەرمیان کەوتەوە، بەپێی وتەی بەرپرسانی دەروازەکە، بەهۆی ئاگرەکەوە شۆفێرێک گیانی لە دەستداوەو 17 کەسی تریش برینداربون و 16 تانکەریش سوتاون.
سەبارەت بە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەی دەر پەروێزخان، بەرپرسە باڵاکەی هەرێم وتی، شۆفێرەکان خواردنیان دروستکردوە و ئاگریان کردوەتەوە، ئەوەش وایکرد ئاگر بکەوێتەوەو تانکەرەکان بتەقنەوە”.
ئوتۆمبێلە بارهەڵگرەکان لە کاتێکدا گڕیان گرتوە کە لە گۆڕەپانێکی دەروازەی پەروێزخاندا ڕاگیرابون، بۆ ئەوەی ڕێوشوێنە ئیداری و کارگێڕییەکان تەواو بکەن و دواتر بەرەو ئێران بڕۆن.
عەباس ئیسماعیل، بەڕێوەبەری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان، بێئاگایی خۆی دەربڕی لە سەردانی شاندی عێراق بۆ دەروازەکەیان، بەڵام لەبارەی زیانەکانی ئاگرەکەوە، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “16 تانکەری نەوت بەهۆی ئاگرەکەوە بە تەواوەتی سوتاون، هەروەها شۆفێرێک گیانی لە دەستداوە و 17 کەسی تریش برینداربون”.
ئەو تانکەرانەی بە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە دەروازەی پەروێزخان گڕیان گرت، سوتەمەنی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وڵاتی ئێران دەگوێزنەوە، سەرجەم ئۆتۆمبێلە سوتاوەکانیش باری سوتەمەنیان هەڵگرتوە و هەر ئۆتۆمبێلێک نزیکەی 25 تۆن سوتەمەنی تێدا بووە.



