وەفدێكی ئەمریكا بەنهێنی سەردانی تارانی كردووە
رۆژنامەی (الجریدە)ی كوەیتی:باسک نێت
🔹سەرچاوەیەكی باڵا, لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران, ئاشكرایكردووە: وەفدێكی ئەمنیی ئەمریكا بە نێوبژیوانی سەڵتەنەی عومان, سەردانی ئێرانی كردووە, بۆ گواستنەوەی پەیامی “هێوركردنەوەو هۆشداری” بە سەركردەكانی تاران, بۆ خۆ بەدورگرتن لە جەنگێكی گەورە كە بنیامین ناتانیاهۆ, سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل, پلانی بۆ داناوە بە هاوكاری لۆبیەكانی ئیسرائیل لە ویلایەتە یەكگرتووەكان.
🔹وەفدەكەی ئەمریكا, بە فرۆكەیەكی تایبەت سەردانی ئێران كردووە, كە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو, لە توركیاوە فڕیوەو, لە فرۆكەخانەی پەیام لە شاری كەرج, لە خۆرئاوای تارانی پایتەخت نیشتووەتەوە.
🔹كۆبونەوەی بەرپرسانی ئەمریكاو ئێران, دوو كاتژمێری خایاندووە لەو فرۆكەخانەیە, كە لەژێر چاودێری سوپای پاسداراندایە, دواتر وەفدەكەی ئەمریكا بەرەو ئەنكەرە گەڕاوەتەوە.
🔹وەفدەكەی ئەمریكا جارێكی دووپاتیكردووەتەوە, ویلایەتە یەكگرتووەكان ئاگاداری پرۆسەی كوشتنی ئیسماعیل هەنیە نەبووەو, سەرۆك بایدن زۆر بێزارە لە هەڵسوكەوتە تاكڕەوەكانی ناتانیاهۆو, ئەمریكیەكان گەیشتووەنەتە ئەو باوەڕەی مانەوەی ناتانیاهۆ لە دەسەڵاتدا ,خزمەتی ئاسایش و ئاشتی جیهانی ناكات, دوای ئەوەی لە كۆنتڕۆڵ دەرچووە.
🔹وەفدەكە ئاماژەی بەوەكردووە: ئیدارەی بایدن دەخوازێت گۆڕانكاری بنەڕەتی بكات و, نەخشەی هاوكێشەی هەرێمایەتی نوێ دابنێت, سەرۆك وەزیرانی ئێستای ئیسرائیل دوربخاتە, پێش كۆتایهاتنی ویلایەتەكەی, كە لە هەوڵی ئاڵۆزكردنی دۆخەكەدایە, بە ئامانجی كێشكردنی تەواوی ناوچەكە بۆ جەنگێكی سەرتاسەری.
🔹وەفدەكەی ئەمریكا بە ئێرانیەكانیان راگەیاندووە, ناتانیاهۆ پلانەكەی بۆ ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسانی لۆبیەكانی جولەكە ئاشكراكردووە, لەسەردانەكەی ئەم دواییەی بۆ واشنتۆن, پێیوتون, ئێستا كاتی هەڵگیرساندنی جەنگێكی گەورەیە لە ناوچەكە. 🔹مەبەستی تەنها ئیسرائیل و ئەمریكا نیە دژی ئێران و هاوپەیمانەكانی, بەڵكو تەواوی وڵاتانی ناوچەكە, لەنێویاندا وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی كەنداو و توركیاو ئەفریكایە.
🔹ناتانیاهۆ وتویەتی هەڵگیرساندنی جەنگێگی گەورە, هەمووان ناچاری دانیشتن دەكات لەسەر یەك مێزی گفتوگۆ, بۆ رازیبوون بە چارەسەرێكی گشتگیر, كە زامنی مافی بوونی ئیسرائیل بكات و, لەلایەن هەموانەوە دانی پێدابنرێت, لەبەرامبەر ئاشتی بۆ سەرجەم لایەنەكان.
🔹وەفدەكەی ئەمریكا, بەشێكیان لە پلانەكەی ناتانیاهۆ بۆ ئێرانیەكان باسكردووە, كە ناتانیاهۆ بۆ سەركردەی لۆبیەكانی جولەكی ئاشكراكردووەو باسی لەوەكردووە, وێرانكردنی ژێرخانی وڵاتانی ناوچەكە, بەدوایدا سودێكی زۆری دەبێت بۆ كۆماپانیا ئەمریكیەكان, بۆ سەرلەنوێ بنادنانەوەی ناوچەكە, وێڕای ئەوەی ئێران ناچار دەكرێت ملكەچی ئیدارەی ئەمریكابێت, یان لەسەر نەخشە دەیسڕنەوە.
🔹ئەوەی ناتانیاهۆ لە واشنتۆن گوێبیستی بووە بەدڵی نەبووە, لەواشنتۆن پێداگری كردووە لەسەر ئەوەی دەیەوێت جەنگی غەززە رابگرێت بەشێوەیەكی خێراو, ناوچەكە بەرەو هێوربونەوە بەرێت, بەڵام هەستاوە بە كوشتنی ئیسماعیل هەنیە, بە ئامانجی پەكخستنی دانوستانی ئاڵوگۆڕی دیلەكان و راگرتنی شەڕ.
🔹وەفدەكەی ئەمریكا بە بەرپرسانی ئێرانیان وتووە, ئەگەر هێرش بكەنە سەر ئیسرائیل, ئەوان ناچارن بەرگری لێبكەن, ئەوەش دەبێتە دەرفەتێكی نوێ بۆ ناتانیاهۆ بۆ دەربازبوون لە فشارەكان, بۆیە واشنتۆن دەخوازێت تاران نەكەوێتە داوی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل.
🔹وەفدەكەی ئەمریكا ئامادەیی واشنتۆنی دەربڕیوە بۆ هەڵپەساردنی چەردەیەك لە سزا ئابوریەكان, ئەگەر ئێران رازیبێت بە هێرش نەكردنە سەر ئیسرائیل, ئەگەر كارەكەش پەیوەستە پاراستنی شكۆی ئێران, ئەوە دەكرێت هەماهەنگی بكرێت لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەیەك كۆتایی بەو كێشەیە بهێنێت, كە هەڕەشەی تەقینەوە لە ناوچەكە دەكات.
🔹سەرچاوەكەی ئەنجومەنی باڵای ئایشی نەتەوەیی ئێران, ئەوەشی ئاشكراكردووە: وەفدەكەی ئەمریكا وەك دەربڕینی نیازپاكی, ناوی (10) بەكرێگیراوی مۆسادی رادەستی ئێرانیەكان كردووە, كە ئەمریكیەكان پێیانوایە, بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تێوەگلاون لە كوشتنی هەنیە.
🔹لەبەرامبەردا, لایەنی ئێرانی رەتیكردووەتەوە ئەمریكیەكان لەپلانی وەڵامی تۆڵەكردنەوەی لە ئیسرائیل ئاگاداربكاتەوە, ئاماژەیان بەوەكردووە, پەیامەكەیان بۆ سەركردە باڵاكان رەوانە دەكەن بۆ دیراسەكردنی.
بەوتەی سەرچاوەكە, دەزگا ئەمنیەكانی ئێران نزیكەی (30)كەسیان دەستگیركردووە, كە لەنێویاندا كەسایەتی ئەمنیی باڵا هەیە, وێڕای (50) كەسی بیانی, كە زۆرینەیان ئەفغانین, بەگومانی تێوەگلان لە كردەوەكە, كە بەشێوەیەكی نافەرمی داخڵی ئێران بوون.
لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە