
نزیكەی (11) تریلیۆن دیناری عێراقی دزراوە
“لێكۆڵینەوەكان بەرەو ئاشكراكردنی شاخێك لەگەندەڵی دەڕۆن”
ئەوانەی دزییەكەیان كردووە وەك كەرەستە بەكارهێنراون
“بڕێكی كەمی پارەیان پێدراوە”
دزە راستەقینەكە ئاشكرانەكراوە چونكە دەسەڵاتدارە
رۆژنامەی (الشرق الاوسط):باسک نێت
پێدەچێت ئاڕاستەی لێكۆڵینەوەكان لە دزینی پارەی باجەكان, كە بەدزی سەدە ناسراوە لە عێراق, بەرەو ئاشكراكردنی شاخێك لە گەندەڵی بێشومار بڕوات, لەگەڵ ئەوەشدا تائێستا گومان لەبارەی ئەو بڕە دزە بەشێوەیەكی بەردەوام ئامادەیی هەیە, لە لێدوانە فەرمی و نافەرمیەكاندا.
ئەو لێدوانانەی لە چەند لایەنێكی چاودێرییەوە دەردەچێت, پێیوایە ئەو بڕە پارە دزراوە چەند هێندەی ئەو بڕەبێت كە پێشتر راگەیەندراوە, رەنگە بگاتە نزیكەی (11) تریلیۆن دینار, كە نزیكەی (8) ملیار دۆلار دەكات.
حەیدەر حەنون, سەرۆكی دەستەی دەستەی نەزاهە, لە دواین لێدوانیدا, وردەكاری نوێی ئاشكراكرد, لەبارەی دزینی پارەی ئەماناتی باجەكان, لە ئاماژەیەكیشدا بۆ ئەوەی كە دەستەكەی نازانێت بڕی تەواوی ئەو پارەیە چەندە كە دزراوە, داوای لە بەڕێوەبەری دەستەی باجەكان كرد, لەماوەی (15) رۆژدا, بڕی ئەو پارەیە ئاشكرابكات كە لە ئەماناتی باجەكان دزراوە.
غالب دەعمی, لێكۆڵەر لە بواری روبەڕوبونەوەی گەندەڵی دەڵێت: بڕی خەمڵێندراوی پارەی دزراو رەنگە بگاتە (11) تریلیۆن دیناری عێراقی, زۆرینەی ئەو پارەیەش رەوانەی دەرەوەی وڵات كراوە.
تائێستا نزیكەی (600) ملیار دیناری گەڕێندراوتەوە, ژمارەی تۆمەتبارە سەرەكیەكان (9) كەسن, لەنێویاندا نور زوهێر, زۆرینەی موڵك و ماڵ و بەرژەوەندیەكانی ئەو كەسانە لە بەغداد دەستی بەسەرداگیراوە, بە ئومێدی فرۆشتنی دوای خەمڵاندنی بەهاكەی و, گێڕانەوەی بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
تۆمەتبارەكان لەبنەمادا كەرەستەی ئەنجامدانی كارەكە بوون, دزە راستەقینەكە تائێستا ئاشكرانەكراوە, بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتی خۆ دزینەوەی هەیە لەو دزیە, ئەوانە تەنها كارەكەیان پێكراوە, كاتێك پارەكەیان دزیوە, بڕێكی كەمیان لەو پارانە پێدراوە.