
(25%) هاوڵاتیانی عێراق لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین
“داهاتی رۆژانەیان لە (8) دۆلار كەمترە”
یەك ملیۆن و (650) هەزار بێكار ناویان لە فەرمانگەی كار تۆماركردووە
دوو ملیۆن خێزان موچە لە تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی وەردەگرن
“یەك ملیۆن خێزانی تر شایستەن موچەی چاودێریان پێبدرێت”
سەنتەری ستراتیجی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق دەڵێت: (25%) عێراقییەكان لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین, ترسی بەرزبوونەوەی ئەو رێژەیەش هەیە, كە كاریگەری لەسەر بارودۆخی تەواوی وڵات دەبێت.
باسک نێت
رێژەی هەژاری لە عێراق بەگوێرەی تێكڕای داهاتی رۆژانەی خێزان دەپێورێت, كە نزمترین ئاستی (8) دۆلارە لە رۆژێكدا.
ئامارەكانی پرۆگرامی خۆراكی جیهانیش ئاماژە بەوەدەكات, دوو ملیۆن و چوارسەد هەزار كەس لە عێراق, پێویستیەكی زۆریان بە خۆراك هەیە.
حازم ردێنی, جێگری سەرۆكی سەنتەرەكە لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت: وێڕای هەوڵە گەورەكانی حكومەت لە ئاوەدانكردنەوە, لە كەرتەكانی رێگاوبان و نیشتەجێكردن, بەڵام تائێستا دۆسیەی گەورە هەیە پەیوەستن بە ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیانی عێراق, ئەویش پرسی هەژاری و كەمی دەرفەتی كارە لە كەرتی تایبەت.
بەگوێرەی داتاكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە سنوری (25%) دانیشتوانی عێراق لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین, نزیكی (10) ملیۆن هاوڵاتی دەكات لە دانیشتوانی عێراق, كە ژمارەیان گەیشتووەتە (43) ملیۆن كەس.
لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی كار, لەڕێی فەرمانگەی چاودێری كۆمەڵایەتیەوە موچەی مانگانە بەسەر دوو ملیۆن خێزاندا دابەش دەكات, بەڵام زیاتر لە یەك ملیۆن خێزانی تر شایستەی پێدانی موچەی چاودێرین, ئەوە لەكاتێكدایە, بودجەی ساڵی (2024) هیچ تەرخانكراوێكی تازەی تیادانیە بۆ تۆڕی چاودێری و, زیاتر لە یەك ملیۆن و شەسەدو پەنجا هەزار بێكاریش لە فەرمانگەی كار تۆماركراون.