
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، پێداچوونەوە و دەستکاریکردنى مووچەى مووچەخۆران، پێویستی بە هەموارکردنەوەى زیاتر لە 34 یاسا و بڕیار هەیە.
باسک نێت
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانى عێراق، لە راگەیەندراوێکدا ئەوەى خستووەتەڕوو، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لە شاندێکی نوێنەری هەماهەنگی دەستکاریکردنی مووچەی فەرمانبەران کردووە و رایگەیاندووە، پشتگیریی لە هەوڵ و داواکارییەکانى گروپى هەماهەنگى دەکات.
سودانى ئەوەشى راگەیاندووە، دەستکاریکردن و پێداچوونەوە بە پێوەرەکانی مووچەی فەرمانبەران و کرێکارانی کەرتی گشتی، پێویستی بە هەموارکردنەوەى 34 یاسا و بڕیار هەیە، هەروەها حکومەت هەنگاوی گرنگی جێبەجێکردووە بۆ زیادکردنى مووچەى خانەنشینان.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەوەشى رونکردووەتەوە، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی تەنیا لە بەرزکردنەوەی ئاستی مووچەدا قەتیس نەبووە، بەڵکو دابینکردنی سەبەتەی خۆراک و پاراستنی کۆمەڵایەتی بۆ شایستە و دابەشکردنی یارمەتییەکان لە کارى لەپێشینەى حکومەتدا بووە.
گروپى هەماهەنگى، گروپێکى عێراقیین و نوێنەرى سەرجەم چین و توێژەکانى تێدایە و کار بۆ ئەوە دەکەن مووچەى مووچەخۆران زیاد بکرێت و دادى کۆمەڵایەتى تێدا بەرجەستە بکرێت.




