بەغدا بە مەرج مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت. وەزارەتی دارایی عێراق داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات ناوی هێزە ئەمنییەکانی بۆ بنێرن، 50%ی داهاتی نانەوتی رادەست بکەن و لە رێگەی تی بی ئایەوە بەجێکردنی مووچە بکات.
وەزارەتی دارایی عێراق بۆ ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان داوای کردووە ناوی هەموویان بە لیست بنێردرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش تاوەکو ئێستا رازی نەبووە بە ناردنی ناو و تەنیا کۆدی ناردووە، چونکە پێی وایە ئەو داواکارییە بیانووە.
یەکێکی دیکە لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا رادەستکردنی داهاتی نانەوتییە.
تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان 50%ی داهاتی نانەوتی نەخستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق و بڕیارە لەوبارەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتنێکی نوێ واژۆ بکەن.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاندووە، “بەغدا بڕگەکانی یاسای بودجەی جێبەجێ نەکردووە. چۆن متمانە بکەین کە ئەگەر 50%ی داهاتیان رادەست بکەین، دوای مانگێک گرفتێکی نوێ دروست ناکەن.”
یەکێک لە نیگەرانییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەیە. حکومەت نیگەرانە لەوەی تاوەکو ئێستا عێراق بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکانی نەناردووە بڕگەکانی دیکەی نێو یاسای بودجەیشی جێبەجێ نەکردووە.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “دەمانەوێت لەبارەی رادەستکردنی 50%ی داهات رێککەوتنێکی کۆتایی بکەین بۆ ئەوەی کێشەکە دووبارە نەبێتەوە.”
بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەش بڕیارە بەمنزیکانە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و عێراق رێککەوتنێکی هاوبەش بکەن.
یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی بەغدا بەجێکردن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە. هەرێمی کوردستان دەیەوێت مووچە لە رێگەی پڕۆژەی “هەژماری من”ەوە بدرێت، بەغداش دەیەوێت لە رێگەی یەکێک لە سێ بانکی حکومەتەوە بێت.