ئەمڕۆ یادی ۲۲ی نیسانی ۱۸۹۸ دەكەینەوە كە ۱٢٦ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەكەمین ژمارەی ڕۆژنامەی كوردستان تێپەڕدەبێت، بەو بۆنەوە پیرۆزباییەكی گەرم لە سەرجەم ڕۆژنامەنوسانی كورد لە كوردستان و جیهان دەكەین و هیوادارین ئەم ساڵیادە ببێتە هۆكاری باشتربوونی بارودۆخ و گوزەرانی ڕۆژنامەنووسان لە سەرجەم كایەكانی ژیان.
لەم یادە پیرۆزەدا، مەكتەبی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامی بەڵێنی بەردەوامیدان بە خەباتی ووشە دەداتە نووسەران و ڕۆشنبیرانی گەلی كورد لەسەر ئەو ڕێڕەوە پاك و زێڕینەی كە لە یەكەمینەكانی دوای ڕاپەرین توانی لەگەڵ خەباتی ئایینی و چەكداری و نەتەوەیی، زیاتر گرنگی بەخەباتی ووشە و نووسین بدات و لەو ڕێگایەشدا پشكی شێری بەردەكەوێت.
بەهۆی گەورەیی و گەشەی بەردەوامی میدیایی بزووتنەوەی ئیسلامی، ئێستاش زۆرێك بە دوو شێواز دەیانەوێت ئەو خەباتە لە نەوەی نوێ بشارنەوە، جۆرێكیان بە شاردنەوەو خۆ بەیەكەم زانین و هەندێكیشتریش بە بردن و خۆبەخاوەنكردنی ئەو خەباتە، هەربۆیە لەچەند ساڵی رابردوو بەهۆی نەبوونی دارایی پێویست و پاراستنی سەربەخۆیی و بەگەورە زانینی كاری ڕۆژنامەنووسی و میدیایی، میدیای بزووتنەوە هاوتەریبی خواست و داواكاری ئێمە نەبووە، بەڵام هەموو لایەك دڵنیادەكەینەوە بەردەوامین لەسەر ئەو ڕێچكە باڵابەرزە پاكەی كە راِبەرانمان دروستیان كردووە و زانایانمان سەرپەشتیان كردووە كەخزمەت بووە بە ئایین و نەتەوەكەیان.
ئومێد دەكەین ئەم یادە پیرۆزە ببێتە هۆكاری خزمەتێكی زیاتری ئایینی ئیسلام و كۆمەڵی كوردەواری و پشتیوانی خۆشمان بۆ سەرجەم ڕۆژنامەنوسانی كوردستان دووپاتدەكەینەوە و ئەخوازین پانتایی ئازادی فراوانیان لە تەواوی كوردستاندا بۆ فەراهەم بكرێت.
لەم یادەدا جارێكیتر پیرۆزبایی لەسەرجەم رۆژنامەنووسان و بەتایبەت رۆِژنامەنووسانی بزووتنەوەی ئیسلامی دەكەین و لە پەروەردگار دەپاڕێینەوەو شەهیدان و ڕێبوارانی ئەم ڕێگە پاكەش بە بەهەشتی خۆی شاد بكات.
مەكتەبی راگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامی
22/4/2024