كوردستانهەواڵ

بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی: کارمەند هەیە پارەی لەفەیەکی پێنییە

باسک نێت – سلێمانی

بەڕێوەبەرى هاتوچۆى سلێمانى لەبارەى بایکۆتى کارمەندانى بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە ڕایگەیاند، کارمەندان چیتر تواناى دوامکردنیان نەماوە و لە شەش مانگدا یەک موچەیان وەرگرتووە. دەشڵێت: “بەشێک لە کارمەندانى هاتوچۆى سلێمانى پارەى لەفەیەکیان پێنییە رۆژانە بیخۆن”.
عەمید ئاسۆ عومەر، بەڕێوەبەرى هاتوچۆى سلێمانى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: “لە ئێستادا بارودۆخێکى خراپ هاتووەتە پێشەوە و کارمەندان لە دۆخێکى ئابوورى و دەروونیی زۆر خراپدا دەژین”.
وتیشی: “مانگى رەمەزانە و نزیک دەبینەوە لە جەژن، بەهۆى زۆربوونى تێچووى ژیانەوە دۆخەکە لەوە دەرچووە بە کارمەند بڵێین دەوام بکەن”.
ئاماژەى بەوەشکرد، کارمەندانى هاتوچۆى سلێمانى دڵسۆزانە کارەکانى خۆیان بەڕێوەدەبەن، بەڵام ناکرێت لە ماوەى شەش مانگدا یەک مووچە بەسەر مووچەخۆراندا دابەش بکرێت.
عەمید ئاسۆ ئەوەشى ئاشکراکرد: “بەشێک لە کارمەندانى هاتوچۆى سلێمانى پارەى لەفەیەکیان پێنییە رۆژانە بیخۆن و گەر پاسەکانى بەڕێوەبەرایەتییەکە نەیانبانەوە، بەدڵنیاییەوە بە شەش کارمەندەوە پارەیان پێنییە بڕۆنەوە ماڵەوە”.
بەڕێوەبەرى هاتوچۆى سلێمانى باسى لەوەشکرد، هیچ کارمەندێک پێیخۆشنییە بایکۆتى کارەکەى بکات، بەڵام ئەمە دوا کارتە بەرامبەر بەو حکومەتە بەکارى دەهێنن کە خۆى بە بەرپرسیار نازانێت بەرامبەریان.
وتیشى: “فەرمانبەران پێم دەڵێن ناتوانن چیتر دەوام بکەن و منیش چیتر ناتوانم فشاریان لێبکەم”.
لە دوێنێ یەکشەممەوە، دژى دابەشنەکردنى موچەکانیان، کارمەندانى هاتوچۆى سلێمانى و چەند فەرمانگەیەکی تری سنووری ئەو پارێزگایە بایکۆتى دەوامیان کردووە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close