كوردستانهەواڵ

سەعدی پیرە: لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار رێکنەکەوتووین

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتوون. دەشڵێت: چوونمان بۆ بەغدا بە دوو کارتی جیاواز باش نییە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، لەمیانی بەشداریکردنی لە باسی ڕۆژی کوردستان24 ڕای گەیاند، دوایین کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی بە گشتی لەبارەی پرسی هەڵبژاردن بوو.

گوتیشی: “نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جیاوازییەکان، هەروەها لەبارەی پرسی سەرۆککۆمار ڕێکنەکەوتووین، بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی دەبێت بۆچوونی هەر دوو لا لەبەرچاو بگیرێت”.

سەعدی پیرە، دەشڵێت: “نابێت هەڵەکانی دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دووبارە بکەینەوە، هەروەها ئەو هەڕەشانەی لەسەر هەرێمی کوردستان و دەستووری عێراق و سیستەمی فیدراڵی دەکرێت، دەبێت بە جددی وەری بگرین، دەبێت بیر لەوە بکەینەوە چوونی دوو شاند بۆ دیالۆگی نیشتمانی عێراق بە دوو کارتی جیاواز، واتا پارتی و یەکێتی هەر یەکێکیان بە کارتی خۆی، ئەمە باش نییە، بۆ ئەوە دەبێت لەگەڵ هەموو لایەنەکانی دیکەی کوردستان بە یەک کارت بچینە بەغدا، هێشتا کات ماوە پێویستە بۆچوونەکان ڕێک بخرێن و بگەنە ئەنجامێکی باش”.

سەبارەت بە کێشە سەرەکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ ڕێکنەکەوتن، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، گوتی: “یەکێک لە کێشەکان پۆستی سەرۆککۆمارە، لەناو هەموو پۆستەکانی هەرێم و بەغدا ئەو پۆستە بەدەست یەکێتییەوەیە، ئەگەر ئەو پۆستەمان پێ ڕەوا نەبینن ئەی مانای شەراکەتمان چییە، هەروەها بابەتێکی دیکە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانە، ئێمە پێمان وایە جگە لە کارتی نیشتمانی هەموو بەڵگەنامەکانی دیکەی عێراق فێڵ و فەرەجی تێدا کڕاوە، لیستی دەنگدەران لە ساڵی 1992ەوە هیچ مردوویەک لەو لیستە لانەبراوە، بابەتی کۆتا بۆ یەک لایەن بۆ یەک لایەن سوودی لێ وەر دەگیرێت، کۆتا بۆ ئەوەیە کلدو ئاشووری و تورکمانەکان سوودی لێوەرگرن”.

سەعدی پیرە، جەختی کردەوە: “ئێمە لەسەر بابەتی سەرۆککۆمار ڕێکنەکەوتووین، ئەو دەنگۆیانەی هەشبوو کە گوایە ڕێککەوتووین لەلایەن گوتەبێژی فەرمی پارتیش ڕووتکراوەتەوە”.سەبارەت بە یەک بەستنەوەی پۆستەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا، سەعدی پیرە، گوتی: “هەرێم بەشێکە لە عێراق، بەڵێ پۆستی سەرۆکی هەرێم و سەرۆککۆمار بەیەکەوە بەستراونەتەوە”.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close