عێراقهەواڵ

نوری مالیکی: “ھەڵبژاردنی پێشوەختە ناکرێت”

سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی رایگەیاند کە ھێزە سیاسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ بڕیارەکەی دادکای باڵای فیدراڵیی لەبارەی رەتکردنەوەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران نیشانداوە و ئاماژەی بەوەیش دا کە تا ئەو کاتەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەست پێ نەکەنەوە، ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام نادرێت.

نوری مالیکی لە تویتێکدا لەبارەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە نووسیوویەتی “دادگا بڕیاری خۆی لەسەر ئەوە دا کە نابێت ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێتەوە، ئەمەیش مانای وایە، ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام نادرێت، تا ئەو کاتەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەست پێ نەکەنەوە، ھەروەھا حکوومەتێک کە دەسەڵاتی تەواوی ھەبێت پێکنەھێندرێت”.

سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ھەروەھا رایگەیاندووە کە ھێزە سیاسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ بڕیارەکەی دادکای باڵای فیدراڵیی نیشانداوە و پێشنیازی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان رەت کردووەتەوە و نووسیوویەتی “چی دیکە پێویست بەوە ناکات قسە لەسەر ئەو بابەتە بکرێت، چونکە لە رێگای دەستوور، دادگا و سیاسییەوە یەکلایی کراوەتەوە”.

نوری مالیکی باسی لەوەش کردووە کە لەئێستادا، ھەوڵی ئەو دەدرێت لەوەی چۆن ئەنجوومەنی نوێنەران کارابکرێتەوە و پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکوومەتێکی ھاوپەیمانیی تا باشترین خزمەتگوزاریی دابین بکات و سەقامگیریی لەڕووی سیاسیی و ئەمنییەوە بەدیبھێنێت.

رۆژی حەوتی ئابی ٢٠٢٢ دادگای باڵای فیدراڵیی سکاڵایەکی رەوتی سەدری لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران رەت کردەوە و رایگەیاند کە ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەدەسەڵاتی ئەواندا نییە و دەبێت بەپێی دەستوور ھەڵبوەشێتەوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close