موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دەستبەرداربوونی خۆی لە کاری سیاسی راگەیاند و زۆرینەی دامودەزگاکانی سەربە رەوتەکەی داخست.
ئەمڕۆ 29ی ئابی 2022 رێبەری رەوتی سەدر لە تویتێکدا گوتی، “دەستبەرداربوونی خۆم لەکاری سیاسی رادەگەیەنم”.
موقتەدا سەدر لە تویتەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای دەستبەرداربوونی لە کاری سیاسی، بەڵام نەجەف هەردەم وەك مەرجەعی گەورە دەمێنێتەوە.
هەر لە میانی ئەم بڕیارەدا سەدر داوای کرد، زۆربەی دامودەزگایەکانی سەر بە رەوتەکەی دابخرێن.
وەک ئاماژەیەکیش بۆ دەستبەرداربوونی موقتەدا سەدر لە کاری سیاسی لە هەژمارە تایبەتەکانی وەزیرەکەی سەدر وێنەیەک بەناونیشانی “داخراوە” بڵاوکراوەتەوە.
ئەم بڕیارەی سەدر دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ کازم حائیری، کە بە مەرجەعی رەوتی سەدر لە عێراق دادەنرێت رایگەیاند، بەهۆی نەخۆشییەوە توانای کاری ئایینی نهماوه و داوای لەلایەنگرانی كردووه، پابەندی رێنماییەکانی عەلی خامنەیی رێبەری ئێران بن.
لە بارەی ئەم بڕیارەی کازم حائیری، موقتەدا سەدر گوتی “بڕیارەکەی کازم حائیری ئارەزوومەندانە نییە”.
حائیری داوای لە باوەڕداران کردووه، گوێڕایەڵی رێبەری شۆڕشی ئیسلامی، عەلی خامنەیی بن، ئەو شایستەترین کەسە بۆ سەرکردایەتیکردنی میللەت و بهرههڵستیكردنی ستهمكاران، هەروەها پێكهوه یەکڕیزی بپارێزن و رێگهنهدهن نهیارانی وڵات ئاگری ناکۆکی و ململانێ بنێنهوه.
لهكۆتاییدا حائیری داوایكردووه بەعسی، تاوانباران و گەندەڵەکان لە پۆست و بەرپرسیاریەتییەکانی وڵات دووربخرێنەوە.