كوردستانهەواڵ

تەرمی پیاوێکی بەساڵاچوو دوای سێ رۆژ لە مردنی لە ماڵەکەیدا دەدۆزرێتەوە

پۆلیسی راپەرین دۆزینەوەی تەرمی هاوڵاتییەکی لە ماڵێکدا راگەیاند، کە تەمەنی 79 ساڵە و ئەو ماڵەی تێیدا دۆزراوەتەوە ماڵی خۆیەتی، بە وتەی پۆلیس “سێ بۆ چوار رۆژ دەبێت مردووە”.

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین ئاماژە بەوەدەکات، دوای ئاگادارکردنەوەی هێزەکانمان لە پۆلیسی فریاکەوتن لە بوونی تەرمێک لەناو ماڵێکدا، دەستبەجێ لەگەڵ تیمەکانی بەڵگەوتاوان گەیشتنە شوێنی مەبەست و دواتر دەرکەوت هاوڵاتییەک بەناوی ( ئـ . ح . م ) رەگەزی نێر، لەدایک بووی ساڵی 1943، پیشەی کاسب، دانیشتووی قەڵادزێ گەڕەکی خانەقا لەناو ماڵەکەی خۆیدا گیانی لەدەستداوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتایەکان ئەو پیاوە بەتەنیا ژیاوە و سێ بۆ چوار رۆژ دەبێت گیانی لەدەستداوە، بە وتەی کوڕەکەشی “باوکی هیچ کێشەیەکی تەندروستی و کۆمەڵایەتی نەبووە”.

پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی باسکردووە، لەئێستادا تەرمەکە لەنەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێیە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ رووداوەکە رێکخراوە.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close