جیهانعێراقهەواڵ

کونسوڵخانەی ئەمەریکا:پشتگیری گفتوگۆکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق دەکەین

کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر رایگەیاند، پشتگیری گفتووگۆکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق دەربارەی بەرھەمە نەوتی و گازییەکان دەکەین و دەبێت رێز لە گرێبەستە نەوتییەکان بگیرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە (31ـی ئاب/ ئۆگەستی 2022)، کونسوڵخانەی ئەمەریکا رایگەیاند، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە هاوکات وەزیری سامانە سروشتییەکانە بە وەکالەت، ئەرکێکی گەورەی لە ئەستۆدایە.
ئاماژە بەوەشکراوە، وەک کونسوڵخانەی ئەمەریکا “پشتگیری چاکسازییەکان دەکەین کە دەبنە ھۆی باشترکردنی کارامەیی و توانای گەشەپێدان لە کەرتی کارەبا و ھەوڵەکانی کەمکردنەوەی دەرچوونی گازە زیانبەخشەکان بە ژینگە، لە کەرتی نەوت و گازدا پشتگیری گفتوگۆکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق، دەربارەی بەرھەمە نەوتی و گازییەکان دەکەین و ھاوڕاین، ئەو گرێبەستە نەوتییانەی کە ھەن، دەبێت رێزیان لێبگیرێت”.
ئەم هەڵوێستەی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە بارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوە دێت، رۆژی 29ـی ئەم مانگە، ئێرڤ هیکس کونسوڵی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر و شاندێکی یاوەری، سەردانی کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکانیان کرد و گفتوگۆیان کرد لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، دادگای فیدراڵی، لەسەر دۆسیەیەکی ساڵی 2012 فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بخرێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندییەوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارەکەی رەتکردەوە و بە نادەستووری وەسفیکرد.

لێدوان بنوسە لەڕیگای فەیسبووکەوە

بابەتی دیكە

Close